١٠ ڕێنمایی بۆ نوسینی سی ڤییەکی نایاب بە زمانی ئینگلیزی

چاپکردن ئیمەیڵ

پەرەپێدان و گەشەپێدان بە سی ڤی یەکێکە لە هەنگاوەکان بەرەو دۆزینەوەی کارێک. بۆ ئەوانەی کە زمانی دایکیان ئینگلیزی نییە لەوانەیە نوسینی سی ڤی بە زمانی ئینگلیزی بۆیان سەخت و گران بێت و تەنانەت پێویستی بە توێژینەوە و گەڕان و هەڵەچنی و پێداچوونەوەش بێت.بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەین ئەمانەی خوارەوە ١٠ ڕێنمایین لەسەر دروستکردنی سی ڤییەکی نایاب بە زمانی ئینگلیزی بەگوێرەی ستاندەری ئەمریکی:

١- زانیاری پەیوەندی کردن دەچێتە بەشی سەرەوە

بەشی سەرەوەی سی ڤییەکەت پێویستە ناوی تەواو و ناونیشان و کۆدی پۆست و ژمارە تەلەفۆن و ئیمەیڵ لەخۆی بگرێت. ئەگەر ناونیشانی ئیمەیڵەکەت زۆر پێشکەوتوو و ڕێک نییە، بیگۆڕە پێش ئەوەی لەسەر سی ڤییەکەت بەکاری بهێنیت.



٢- دوور بکەوە لە هەر شتێک کە تایبەتی و کەسی بێت

ناوی هیچ شتێکی کەسی و تایبەتی مەهێنە کە پەیوەندی بە کارەکەوە نییە. تەمەن و بەرواری لەدایکبوون و دۆخی خێزانداری و ژمارەی دڵنیایی کۆمەڵایەتی بەهیچ شێوەیەک نابێت بهێندرێن. بەکارهێنانی وێنە زۆر پێشنیارکراو نییە مەگەر ڕووکاری تۆ کلیلێک بێت بۆ جۆرە کارێکی دیاریکراو! بۆ نمونە پیشەی ئەکتەری فیلم و پێشکەشکاری تەلەڤیزیۆنی و ...هتد.

٣- ئامانجێکی ڕوون دروست بکە

وتەی ئامانجی کار و پیشەت پێویستە کورت و ڕوون و بێ پێچ و پەنا بێت. ئامانجێکە کە پەیوەندیدارە بە سی ڤی ئێستاتەوە نەوەکو پلانی تایبەتیت بۆ پێنج ساڵی داهاتووت. بیرت نەچێت کە ناوی ئەو جۆرە پلەیە بهێنیت کە تۆ دەتەوێت سودمەند بیت تێیدا و هەروەها پوختەیەکیش کە بیسەلمێنیت تۆ گونجاوی بۆ ئەم کارە.

٤- هەندێک زانیاری بۆ بەشی کارامەیی و لێهاتوویی بەجێ بهێڵە

بەشی خوێندن (Education)  و کارامەییەکان (Skills) - لێهاتووییەکان (Qualifications) دوو بەشی جیاوازن. بڕوانامەکان و ناوی زانکۆ و فێرگە و ساڵی دەرچوون دەچێتە بەشی خوێندنەوە لەسەر سی ڤییەکەت. ئەوانەی کە بەم دواییانە دەرچوون لەوانەیە پێیان گونجاوبێت کە تێکڕا و ڕێز  و سوپاس و بەرزنرخاندنەکانیش ئاماژە پێ بکەن. لێهاتووەکان (Professionals) ئەوانەی کە لە ناوەڕاستی پیشە و کاریانن لەوانەیە ئەزموونی خوێندنیان لەدوای بەشی ئەزموونی کاریانەوە دابنێن، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرەنجی زیاتر بۆ لای دەستکەوتە کرداری و لێهاتووییەکانی ڕابکێشێت.
کارامەییەکان و زانیاری کۆمپیوتەری و بڕوانامەکان و زمانەکان و هتد دەخرێتە بەشی کارامەییەکان – لێهاتووییەکان، و پێویستە پەیوەندی بەو کارەوە بێت کە تۆ بۆی پێشکەش دەکەیت و هەروەها پەیوەستداریش بێت بە ئامانجەکەتەوە.

٥- بیرت نەچێت کە ئەزموونی کاری خۆبەخشیت باس بکەیت

ئەگەر تۆ بەم دواییانە لە کۆلێژ یان زانکۆ دەرچوویت و هیچ ئەزموونی کارت نییە، یان دەتەوێت پیشەکەت بگۆڕیت، ئێستا کاتی ئەوەیە تۆ بیرلەوە بکەیتەوە کە بەهرە و کارامەییت گەشەپێبدەیت لەڕێگەی کاری خۆبەخشی و مەشق بەمەبەستی ئەزموون وەرگرتن. هەوڵبدە ئەزموونێکی خۆبەخشی بدۆزیتەوە کە پەیوەندی بەو کارەوە هەبێت کە خواستی تۆیە، ئەمەش لە پێناو ئەوەی چەند کارامەییەک دەست بخەیت کە پێویستن بۆ ئەو جۆڕە شوێنە. هەروەها کاری خۆبەخشی نمایشی ئەوە دەکات کە تۆ ئامادەباشیت تێدایە بە بەشداریکردن و بەخشین بە کۆمەڵگا بەبێ بەرامبەر. ئەمەش بەشێوەیەکی ئاسایی بە وەسفێکی ئەرێی دێتە هەژمارکردن.

٦- فرمانە کرداری (Action Verbs) و ژمارەکان بەکاربهێنە

بەکارهێنانی فرمانی کرداری و ژمارەکان یارمەتیدەرن بۆ نماشیکردنی دەستکەوتەکان، بەتایبەتی کاتێک کە دێتە سەرباسی وەسفکردنی لێهاتووی و ئەزموونی کارکردنت. هەر بە سادەیی کار و بەرپرسیارییەتییەکان لیست بکەیت ئەوە بەس نییە؛ هەندێک کاریگەری بۆ ئەزموونی کارەکەت زیادبکە و ژمارەی ئەو کڕیارانە بنوسە کە تۆ سەرەنجت ڕاکێشاون بۆ لای کۆمپانیایەکی دیاریکراو، یان ئەنجامی ئەو کەمپینەی کە تۆ پێکت هێنابووە یان ڕێژەی بەرزبوونەوەی فرۆشی ساڵانە کە تۆ هۆکاربوویت یان ...هتد.

٧- وشەی تایبەتمەند بە بوارەکان بەکاربهێنە

بیرت بێت لەوانەیە سی ڤییەکەت لەڕێگەی کۆمپیوتەرەوە بخوێندرێتەوە. بەرنامە و نەرمەکاڵایەکی کۆمپیوتەر بەشێوەیەک ڕێکخراوە کە کلیلە وشەکان و ئەو وشانەشی پەیوەندیدارن بە کارێکی دیاریکراوەوە دیاریدەکات. پێش نوسینی سی ڤی، وەسفی کارەکەت دوبارە بخوێنەوە و ئەو وشە تایبەتانە کە بە Buzzword ناسراون بنوسە کە تۆ بەرچاوت دەکەون. ئەو وشانەش بەشێوەیەکی گشتی ناون و یاریدەدەرت دەبن کە سی ڤییەکی کاریگەر و نامەیەکی کاری بە پێز دروست بکەیت.

٨- مەترسێ لەوەی پەڕی دووەم بەکاربهێنیت

سی ڤییەکی یەک پەڕی بووەتە پێشنیارێکی باو بەڵام لەڕاستیدا زۆر سەختە شوێن ئەو پێشنیارە بکەویت. وا هەست مەکە کە پێویستە سی ڤییەکەت بۆ یەک پەڕ سنورداربکەیت، باشتر وایە بیرلەوە بکەیتەوە کە ئەو جۆرە زانیارییە لەم پەڕە بنوسیت کە پەیوەندیدارە بە بابەتەکەوە. ئەگەر تۆ پەڕی دووەم بەکاردێنیت، ئەوە سەرپەڕە (Header) بەکاربهێنە بەناوی تەواو و زانیاری پەیوەندیکردن لەبەشی سەرەوەی ئەم پەڕەیە. دڵنیایی بکەوە کە هەندێک بۆشایی لەسەر سی ڤییەکەت بەجێبهێڵیت چونکە دانانی هەموو زانیارییەکانت لەسەر یەک پەڕ وادەکات کە سەخت بێت زانیارییە گرنگەکان دیاری بکەیت.

٩- پێداچوونەوە بە ژێدەرە کەسییەکانت بکە

پێشتر لیستی ژێدەرە کەسییەکانت ئامادەبکە چونکە زۆربەی خاوەن کارەکان ئەگەر سەرەتاش داوای نەکەن، ئەوە لە چاوپێکەوتنی دووەم یان دواتر داوای دەکەن. باوترین ڕێگە ئەوەیە کە ئەم گرێیە بنوسیت "References available upon request"کە بە واتای ژێدەرەکان بەپێی داواکاری بەردەستن دێت و لەخوارەوەی سی ڤییەکە دەنوسرێت.زانیاری پەیوەندیکردن بە ژێدەرە کەسییەکان پێویستە دروست و باش بن چونکە گومان نییە پشکنین بۆ ژێدەرەکان دەکرێت! بۆ ژێدەرە کەسییەکان پەڕێکی جیا بە هەمان سەرپەڕەی پەڕی یەکەم ئامادەبکە و ژێدەرەکانی تێدا بنوسە!

١٠- نامەیەکی کار ئامادەبکە

کاتێک سەرقاڵیت بە ئامادەکردنی سی ڤی، بیرت نەچێت کە نامەیەکی کار کە لە زاراوەی ئینگلیزی بە Cover Letter هاتووە بنوسیت. هەلی کەمتر لەبەردەستە کە تۆ بۆ چاوپێکەوتن بانگهێشت بکرێیت بەبێ بوونی نامەیەکی باش نوسراوی کار.
نامەی کار زانیاری و کارامەیی وەها ئاشکرا دەکات کە زۆرجار ناتوانرێت لەناو سی ڤی باسبکرێن، بۆ نمونە پەیوەنیدکردن بە شێوەی نوسراو و شێوازی نوسینی کەسی، لێهاتووی و سەرەنجدانی ورد بە ڕێزمان و خاڵبەندی و ڕێنوس و پلان و زیاتریش. کەواتە، بیرت بێت کە هەندێک کات تەرخان بکەیت بۆ نوسینی نامەیەکی کاریگەری کار و باش پێداچوونەوەی بۆ بکەیت لە پاڵ سی ڤییەکەتدا.  

وەرگێرانی: سەردار عبدالله
سەرچاوە: ilac.com