دەربڕینی دروست بەشێكی گرنگی فێربوونی هەر زمانێكە. چۆنیەتی دەربڕینی دەنگەكان دەكرێت كاریگەرییەكی گرنگی هەبێت لەسەر بڕیاردانی پێشوەختی خەڵك لەسەرت و لەسەر ئەوەی ئایا خەڵك تێدەگات لەوەی كە دەیڵێیت یاخود نا. نهینی دەربڕینی دروست تەنیا بابەتێک نیە پەیوەندی بە هەبوونی زانیاریەوە هەبێت بەڵكو كارامەییەكی جەستەییە و پێویستی بە ڕاهێنانکردنیشە.
چۆن پەرە بە دەبڕین دەین
هیچ ڕێگەیەكی كورت نیە تا بتگێنێت بە دەربڕینێكی دروست، لەگەڵ ئەوەشدا بە چەند ڕێگایەك دەتوانیت بەشێوەیەكی كاریگەرتر ڕاهێنان بكەیت و كارامەییەكانت خێراتر پێش بخەی. ڕەچاوی ئەم دە باشترین ئامۆژگاریانەی خوارەوە بكە و ئەمڕۆ دەستبكە بە پێشخستنی دەربڕینی دروست و هەنگاوێك نزیكبەرەوە لە خەونی هەبوونی دەربڕینێكی دروست لە زمانی ئینگلیزیدا.
١. گوێ لە خۆت بگرە
زۆر جار سەختە بتوانی گوێت لە هەڵە دەربڕینەکانی خۆت بێت كاتێ قسە دەكەی لەبەرئەوەی لەو كاتەدا زیاتر جەخت لەسەر گفتوگۆ دەكەیتەوە نەك چۆنیەتی دەربڕینی دەنگەكان، ئەگەر نەتوانی گوێت لە هەڵە دەربڕینەكانی خۆت بێت ئەوە ڕاستكردنەوەیان قورسە. هەوڵبدە دەنگی خۆت بە مۆبایلەكەت یا كۆمپیوتەرەكەت تۆماربكە و تێبینی بنووسە لەو شوێنانەی كە هەڵەی تێدا دەكەی بۆ ئەوەی پەرە بە دەربڕینت بدەی.
٢. لەسەرخۆ بە
زۆرێك لە فێرخوازانی زمانی ئینگلیزی پێیان وایە كە مەبەست لە ڕەوانبێژی بریتیە لە خێرا قسەكردن. ئەمە هەڵەیە، قسەكردن زۆر بە خێرایی دەبێتە هۆی زیاد بوونی خوی خراپ و قسەكەر بە شێوەیەكی نیگەران و دوودڵ دەردەكەوێت.
قسەكردن بە شێوەیەكی لەسەرخۆ كاتت پێ دەدات بۆ ئەوەی باش هەناسە بدەیت و بیربكەیتەوە كە دواتر دەتەوێت چی بڵێیت. لەبەرئەوەی بوارت پێ دەدات بیربکەیتەوە لە كاتی قسەكردندا، هەست بە حەسانەوە دەكەیت و سەرنج دەخەیتە سەر ئینگلیزیەكەت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ناوازە ببیسترێت.
٣. وێنا بكە
چاوەكانت دابخە و بیربكەوە كە چۆن دەنگێك دروست دەكەی پێش ئەوەی دەری ببڕیت. باری دەم و ڕوخسارت بێنە بەرچاو. ئەگەر خشتەی دەنگەكانی زمانی ئینگلیزیت خوێندبێت، بیر لەو دەنگە بكەوە كە دەری دەبڕیت و چۆن پەیوەندی هەیە بە دەنگەكانی تر. ئەگەر هێلكاری دەم و زمانت بەكارهێنابێت، بیر لەو شێوەیە بكەوە كە پێویستە دروستی بكەی لەناو دەمت ئەگەر دەتەوێت دەنگەكە دەرببڕیت بەشێوەیەكی دروست.
٤. لایەنی جەستەیی جێبەجێ بكە
ڕەوانبێژی كارامەییەكی جەستەییە. ڕێگایەكی نوێ فێری دەمت دەكەیت بۆ جوڵەكردن و بەكارهێنانی ماسولكەكان، هەر ڕۆژێك سەرنج بخەسەر دەنگێكی قورس. كێشەت هەیە لە دەربڕینی (Th)؟ لە وشەی (think) زمانت بخە نێوان ددانەكانت و هەوا لەڕێگەی دەمەوە بكە دەرەوە، هەست بەو هەوایە بكە کە بەسەر بەشی سەرەوەی زمانتدا جوڵە دەكات.
٥. سەیری خۆت بكە
لەبەردەم ئاوێنە بوەستە بۆ ئەوەی شوێنی زمان و لێوەكان، و شێوەی دەم ببینی لە كاتی دەربڕینی دەنگەكان. بەراوردی بكە لەگەڵ ڤیدیۆی قسەكەرێكی ڕەسەنی زمانی ئینگلیزی كاتێ كە هەمان دەنگ دەردەبڕێت.
٦. لاسایی قسەكەرە ڕەسەنەكان بكەرەوە
هیچ جێگرەوەیەك نیە بتوانێت جێگای قسەكەرە ڕەسەنەكان بگرێتەوە بۆ فێربوونی دەربڕینی دروست. كەواتە گوێ بگرە! گوێ لەو بەرنامە ڕادیۆیانە بگرە کە بە ئینگلیزی پەخش دەکرێن و سەیری تەلەفزیۆن و فیلمی ئینگلیزی بكە، لاسایی ئەوە بكەوە كە گوێت لێی دەبێت، تەنانەت كە ئاستت تا ئێستا نەگەشتبێتە ئەوەی كە بە باشی لە قسەكانیان بگەیت.
٧. بە تەنها ڕاهێنان بكە
بەردەوام هەڵە لە دەربڕیندادەكەیت لەبەرئەوەی لە هەڵەكردن دەترسێیت. بۆ خۆت سیناریۆ دروست بکە، وەكو ناسینی كەسێك بۆ یەكەم جار و داواكردنی خورادن لە چێشتخانە یا پرسیاركردنی شوێن، دواتر بە تەنها ڕۆڵەكان بگێڕە و شەرم مەكە.
٨. هاوڕێیەك بدۆزەوە بۆ فێربونی زمان
زۆر گرنگە ڕاوبۆچونی كەسێكی تر وەربگری. هاوڕێیەك بدۆزەوە كە وەك خۆت حەزی لە پەرەپێدانی ئینگلیزیەكەی بێت. هەوڵبدەن ئاڵوگۆڕی پەیامە دەنگیە تۆمارکراوەکان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن لە نزیكەوە گوێبگرن لە دەربڕینی یەكتری.
٩. سەرنج بدە سەر ئاوازی دەنگ و فشار (stress)
ڕەوانبێژی زیاترە لە بە تەنها كۆنتڕۆڵكردنی چەند دەنگێك، چونكە لە هەمان كاتدا تێگەشتنە لە ئاوازی دەنگ (بەرزی و نزمی دەنگ) و سترێس (هەندێ لە دەنگی وشەكان و هەندێ وشە لە ڕستەكان بەرزتر و ڕونترن لەوانیتر ). گرنگی بدە بە سترێس و ئاوازی دەنگت لە كاتی خوێندنەوەی شعر و وتار یا لەکاتی وتنی گۆرانی بە دەنگی بەرز.
١٠. گۆرانیەك بڵێ
دەقەكانی گۆرانیە ئینگلیزییە بەناوبانگەكان لەبەربكە. گۆرانی وتن واتلێدەكات هەست بە ئاسودەیی بكەی و وشەكان بە ئاسانی بێنە دەرەوە لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتی کێشی وشەكان و ئاوازی دەنگ دەدات. لەبەرئەوەی كاتێ گۆرانی دەڵێیت پێویست ناكات سەرنج بخەیتە سەر دروستكردنی ڕستە، تەنها سەرنج بخە سەر ئەوەی كە باشترین دەربڕینت هەبێت.
هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە تاقی بكەرەوە بۆ ئەوەی كە جاری داهاتوو ڕاهێنانت كرد بۆت دەركەوێت كامیان باشترینە بۆت. لە بیرت بێت هیچ كامیان بە تەنها كاریگەر نیە، بەڵكو گشتیان یارمەتیت دەدەن لە گەیشتن بە ئامانجەكەت لە پاڵ راهێنانی ڕێك و پێك.
سەرچاوە: https://englishlive.ef.com/blog/language-lab/10-tips-perfect-english-pronunciation/
وەرگێڕانی: جوتیار جلال حسن
دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی