١٠ ئامۆژگاری سەبارەت بەوەی کە چۆن دەبی بە مامۆستایەكی ناوازە

چاپکردن ئیمەیڵ

بوون بە مامۆستایەكی ناوازە نیعمەتێک و دەستکەوتێكە كە دەبێت بەتەواوی شانازی پێوەبكەیت، کاریگەریت لەسەر خوێندکارە باشەکان دەبێت و هانیاندەدەیت. پێویست ناكات بەناوبانگ بیت بۆئەوەی ببیت بە مامۆستایەكی ناوازە. چۆن دەبیت بە مامۆستایێکی باشتر؟ بوون بە مامۆستاێکی نایاب خۆی بە سروشتی ڕودەدات ئەگەر بەپەرۆش بیت بۆ فێركردنی خوێندكارەكانت. لەم وتارەدا تایبەتمەندییەکانی مامۆستای ناوازە دەخرێنە ڕوو.

 

پەرۆشی بۆ وانە وتنەوە

 بۆئەوەی ناوازە بی لە هەر كار و پیشەیەكدا دەبێت بە پەرۆشەوە بیت بۆ ئیشەکە و هەروەها دەبێت خۆشەویستیشت بۆ کارەکە هەبێت. وانە وتنەوە شتێكە كە دەبێت چێژی لێببینیت، دەبێت هەموو بەیانییەک لەخەو هەستیت و لەپۆلدا ئامادەبی، چونكە بەپەرۆشی بۆ زیادكردنی شتی بەنرخ لە ژیانی خوێندكارەكانتدا. هەروەها شتێکی دیارە کە بوون بە مامۆستا شتێكی ئاسان نیە و كاتێك خوێندكارێك كێشە دروستدەكات تاكە شت كە تۆ لەناو پۆلدا دەهێڵێتەوە میهرەبانی و ئارەمی و پەرۆشیتە، ئەگەریش کەسێکی ئارامگر و میهرەبان نیت ئەوا هەوڵبدە چاوت لەسەر لایەنە ئەرێنیەكانی فێركردن بێت، کاتێک بیروڕات دەگۆڕێت هەروەها هەڵوێستەکانیشت لەگەڵی دەگۆڕێت، هەر بۆیە بوون  بە مامۆستا شتێكی ئاسان نیە . ئەمانەی خوارەوەش ئەو ڕێنمایانەن بۆ بوون بە مامۆستایێکی ناوازە.

١-میهرەبان بە

 بە میهرەبانی مامەڵە لەگەڵ خوێندكارەكانتدا بكە بەبێ گوێدانە ڕەگەز، پێگەی كۆمەڵایەتی و ئاستی زیرەكی. لەوانەیە بتوانی میهرەبانیت پێشانی خوێندکارێک بدەی کە ڕوبەڕوی کێشە بۆتەوە لە ماڵەوە. لەوانەیە هەرگیز نەزانی کە خوێندکارەکانت لەناو چ بارودۆخێك دان بۆیە میهرەبان بە. بەو شێوەی کە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانی خۆتدادەکەی مامەڵەیان  لەگەڵدا بکە و دادپەروەر بە.

٢-نموونەبە

هەندێك لە خوێندكارەكان لەوانەیە هیچ نموونەیەكیان نەبێت لەماڵەوە بۆیە لەوانەیە سەیری تۆ بكەن و تۆ بكەنە نموونەی ژیانیان. لە یابان (ژاپۆن) فێركردن پیشەیەكە كە زۆر ڕێزی لێ دەگیرێت. ئەوەی لە مامۆستاكان پێشبینی دەكرێت بوونی  ڕەوشت و ئاستێكی بەرزە، چونكە کاتێک کە مامۆستایت دەبێت ژیانێكی سەربەرزانە بژی، ببە نموونەیەكی باش بۆ هەموو ئەو خوێندكارانەی تۆ دەكەنە نموونە لە ژیانیندا، چونكە  ئەگەر خوێندكارەكانت گوێشت بۆنەگرن ئەوا سەیری كردەوەكانت دەكەن، چونكە كردەوەكانت زیاتر تەئسیری هەیە لەسەریان – کردار شەرتە.

٣-بەڕێوەبردنی پۆل

مامۆستای ناوازە دەبێت  ئەو توانایەی هەبێت پۆلەكەی بەڕێوەبەرێت. ئاسایە كە ئێستا زۆر باش نەبیت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئەو ستراتیجیانە بەدەست دێنیت کە بۆ خوێندکارەکانت باشن. كە لەوانەیە وانەكەت زیاتر سەرنج ڕاكێشتر بێت و  زیاتر ڕێگە بە خوێندكارەكانت بدات كە زیاتر بەژداری بكەن لە گفتوگۆیەكانی ناو پۆلدا، لەلایەكی تریشەوە هەندێك جار پێویستە تۆزێ توندبیت لەگەڵ ئەو خوێندكارانەی كە وانەكەت لی دەپچڕێنن.

٤-زۆر بزانە دەربارەی وانەكەت 

زانینی بابەتەكە بە باشی یەكێكی ترە لە تایبەتمەندیەکانی مامۆستای ناوازە، خوێندكار حەزی بۆ خوێندن زیاد دەكات كاتێك مامۆستا بتوانێ بەباشی وەڵامی پرسیارەكانی بداتەوە، ئەگەر مامۆستا زانیاری باشی هەبێ دەربارەی وانەكە و باشتر دەتوانێت شیبكاتەوە و مەبەستەكەی بگەیەنێت، بێگومان لە لای  خوێندكارەكانیش باوەڕپێكراو دەبێت ئەگەر زانیاری باشت هەبێت لەسەر بابەتەکە.

٥-وتنەوەی وانەکان بەباشی

خوێندكاران بەرپرسن لە فێربوون بەهەمان شێوەش مامۆستایانیش بەرپرسن لە فێركردن. ئەگەر مامۆستا هیچ بەرپرسیاریەتیەكی نەبێت پاشان دەتونرێت هەموو کەس لە ماڵەوە فێربکرێت کە ئەمەش ناکرێت و بە دڵنیاییەوە مامۆستا بەرپرسیارەتی هەیە. پێویستە هەموو ڕۆژێک وانەکانت بە باشی بڵێیتەوە، تەنانەت ئەگەر یەک خوێندکاریش هەندێک شت فێربێت یانی تۆ ئەركی خۆتت جێبەجێ كردووە. دەبێت هەموو ڕۆژێك پلان و ئامانجت هەبێت و ئامادەكاری بۆ وانەكانی ڕۆژانە بكەیت پێش چوونە ناو پۆلەوە.

٦-هانی خوێندكارەكانت بدە

مامۆستای ناوازە دەبیت كاریگەر بێت لە یارمەتی دانی خوێندكارەكانی بۆ هێنانەدی خەونەكانیان، بە خوێندكارەكانت مەڵێ ناتوانی هیچ شتێك بكەی تەنانەت ئەگەر خوێندکارێک زۆر لاوازیش بێت لە وانەكەی تۆدا، لە جیاتی ئەوەی پێیان بڵێیت هەرگیز سەركەوتوو نابن، پێیان بڵێ كە دەتوانن باشتر بن و زیاتر بەدەست بێنن. هانیان بدە و بە شێوەیەكی  پۆزەتف قسە لەسەر ژیانیان بكە، هەروەها بۆ ئەو خوێندكارانەی كە زیرە كن و ئەركەكانیان بەباشی جێبەجێ كردووە ستایشیان بکە و ئامۆژگاریان بكە بۆئەوەی بەردەوام بن.

 ٧ێزی خوێندكارەكانت بگرە

گوێ لە خوێندكارەكانت بگرە كاتێك قسە دەكەن یان ئاماژە بە كێشەیەك دەكەن، ئەگەریش سەر قاڵ بووی پێیان بڵێ كە دواتر گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین، هەرگیز مۆبایل بەكار مەهێنە لە پۆلدا، ڕێزگرتنی خوێندكارەكان واتە كردنی ئەو شتانەی كە تۆ حەزدەکەی خوێندكارەکان بیکەن.  

٨-پەیوەندێکی باشت هەبێت لەگەڵ دایک و باوکی خوێندکارەكان 

هەوڵبدە پەیوەندێکی باشت هەبێت لەگەڵ دایک و باوکی خوێندکاران چونكە ئەمە یارمەتیت دەدات بۆئەوەی زیاتر لە خوێندكارەكانت تێ بگەی، هەوڵبدە دیدارت لەگەڵیاندا هەبێت و  گفتوگۆیان لەگەڵ بكە لەبارەی بەرەو پێش چونی منداڵەكانیان لە خوێندنگە، ئەمە وا پێشان دەدات كە بەشێوەیێکی ڕاستەقیە گرنگی بە  خێزانەكان و خوێندكارەكان دەدەی. لە هەندێك لە خوێندنگەكان كۆبونەوەی دایك و باوكان هەیە لەكۆتای هەر وەرزێكدا، بۆیە ئامادەبە و دڵنیابە قسە لەگەڵ دایک و باوکی هەموویان دەكەی.

 ٩-ئامۆژگاری خوێندكارەكانت بكە

گفتوگۆیەكانت سنوور دار مەكە بەس بە قسە كردن لەسەر بابەتەکانی وانەكە، ئامۆژگاریان  بكە دەربارەی ژیان چونكە خوێندكارەكان شانازی بە قسە باشەكانتەوە دەكەن لە داهاتوودا. ئەمە یارمەتیت دەدات بۆ درووستكردنی متمانە و ژینگەیەكی باشتر بۆ فێربوون، بەڵام بەداخەوە بەرنامەی خوێندنگاكان بە شێوەیەك نیە كە یارمەتی خوێندكارەكان بدات و ئامادەیان بكات بۆ ئەم جیهانە سەختە، بۆیە ئامۆژگاریە باشەكان لەئێستا و داهاتوودا یارمەتیان دەدات كە زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و پێگەیشتوو تر بن.

١٠-لەكۆتایدا

 تایبەتمەندیەكی تری مامۆستای ناوازە ئەوەیە کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر خوێندکاران هەبێت، پێویستە ڕێز لە خوێندکاران بگرێت و هانبدرێن بۆئەوەی بگەنە ئەو ئاستە باشەی كە لەتوانایاندا هەیە، تۆ وەك مامۆستایەك دەتوانی هانی خوێندكارەكانت بدەی بۆئەوەی بەدوای حەز و خولیاكانیان بكەون و ببنە كەسانی خانەدان و سەركەوتوو لە داهاتوودا.

 

 

سەرچاوە: https://www.technobezz.com/10-tips-on-how-to-be-a-great-teacher/   

وەرگێڕانی: نەورۆز حسن موسا

خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی - کۆلێژی پەروەردە - زانکۆی ڕاپەڕین