ھەروەک جارێک مامۆستایەکی ئەزموندار لە تاقیکردنەوەی ئایەڵتس وتی: ئەگەر گوشاری دەروونیت ھەبێت ئەوە تاقیکردنەوەکە نییە کە تێکتدەشکێنێت، بەڵکو ئەوە خۆتی کە هەر بەدەستی خۆت خۆت تێکدەشکێنیت. لە ڕاستیدا گوشاری دەروونی یاخود نیگەرانی تاقیکردنەوە دەکرێت ببێت بە خراپترین دوژمنی خوێندکار.
گوشاری دەروونی دەبێتە ھۆی سەرلێشێواندن، بێ تەرکیزی، بێ ورەی و لەبیرچونەوە. لە راستیدا، ھۆڕمۆنی کۆرتیسۆڵ (Cortisol) لە لەشدا، کاریگەری لەسەر توانای بیرکردنەوە و بە بیرهاتنەوە ھەیە. کۆرتیسۆڵ توانای سوتاندنی دەمارە خانەی بیرەوەری ھەیە لەو بەشانەی مێشکدا کە زانیاری کۆدەکەنەوە. ئەمە سیستەمی بەرگری لەشە بۆ هەوڵدان و زاڵبوون بەسەر فشار، بەڵام هەروەها ئەمە خاڵێکی گەورەی نەرێیشە لە هەمان کاتدا بۆ خوێندکاران چونکە پێویستە دەر بچن لە تاقیکردنەوەکە و نایانەوێت ئەمە لە بیر خۆیان ببەنەوە. بۆیە لێرەدا پێنج ئامۆژگاری باش دەخرێتە ڕوو بۆ کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی پێش تاقیکردنەوەکە و لە ماوەی تاقیکردنەوەکەدا.
- چۆنیەتی ڕزگار بوون لە گوشاری دەروونی لە تاقیکردنەوەی ئایڵتس بە پێنج ھەنگاو:
١. تێگەیشتن لەو گوشارە دەروونیەی ھەتە: دوژمنەکەت بناسە؛ گوشاری دەروونی کاردانەوەیێکی سروشتی لەشە بۆ وریاکردنەوە و چارەسەرکردنی بارودۆخێکی قورس. لەبەرئەوەی تاقیکردنەوەی ئایەڵیتس کەریگەری مەزنی لەسەر ژیانی ئێمە هەیە، لە ئەنجامی ئەمەوەشەوە فشار دروست دەبێت. گەشبین بە، ئەوەت بیر بێت کە ژیانت خۆش دەبێت و دەرچوون یان کەوتنت لە تاقیکردنەوەکە کۆتایی دونیا نیە.
٢. ھەناسەدانی دروست: زۆربەی خوێندکاران لەبیری دەکەن ھەناسەی دروست بدەن، بەتایبەت کاتێک کە لەژێر فشاری دەروونیدان لە جێگەیێکی قەرەباڵغی وەک هۆڵی تاقیکردنەوە. ئۆکسجین زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی. بیری لێبکەرەوە، بۆ ماوەی ١٠ چرکە بوەستە و سێ ھەناسەی قوڵ و ھێواش هەڵبمژە. ئۆکسجین دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی فشار و یارمەتیدەرە لە بیرکردنەوە و سەرنجی دروست.
٣. چی دەخۆیت: " تۆ ئەوەیت کە دەیخۆیت” دڵنیا ببەوە لە خواردنی تەندروست، بەتایبەت پێش تاقیکردنەوەکە، بۆ نمونە ئەو میوانەی شەکری باشیان تێدایە بۆ بەدەستھێنانی ووزەی پێویست بۆ مێشک و جەستە، خواردنی میوەی شیرین بە سودە. خواردنی هەندێک لەو خۆراکانەی کە کاربۆهیدراتی تێدایە وەک پاستا، برنج و پەتاتە شەوێک پێش تاقیکردنەوەکە وزەی باشت پێدەدات بۆ ڕۆژی تاقیکردنەوەکە بەڵام وریابە خواردنی قورس لە ژەمی بەیانی پێش تاقیکردنەوکە بیرۆکەیێکی باش نیە، چونکە خوێن لە سەرتەوە دەچێتە گەدەت و توانای بیرکردنەوەت بە باشی نابێت، ھەروەھا خواردنەوەی ئاو و قاوەت بیر نەچێت.
٤. پشوویەکی باشی شەوانە: کەمخەوی باشترین ھاوڕێی گوشاری دەروونییە. شەوێک پێش تاقیکردنەوە پێویستە ھەوڵبدەیت زیاتر لە ٧ کاتژمێر بخەویت. ھەرچەندە لەوانەیە قورس بێت چونکە تۆ نیگەرانی سەبارەت بە تاقیکردنەوەی ڕۆژی دواتر. یەکێکی تر لە کارە باشەکان بریتییە لە ڕاهێنانی وەرزشی، بۆ ماوەی کاتژمێرێک بڕۆ بۆ مەلەکردن یان ڕاکردن یاخود یاری تۆپی پێ، کە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بخەویت.
٥. ئامادەبە: زۆر قورسە لە فشار ڕزگارت بێت ئەگەر هەست بکەی کە ئامادە نیت. کەس حەز بە کەوتن ناکات وە ترس لە کەوتن ھۆکارێکە بۆ دروست بوونی گوشاری دەروونی. پێناچێت بە گەشبینی بمێنیەوە سەبارەت بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکەت ئەگەر ئامادە نەبیت. بۆیە ڕاھێنان بکە و ئامۆژگاری لە کەسانی ئەزموونداری تاقیکردنەوەکە وەربگرە، و ھەوڵبدە پێش چوونە ھۆڵی تاقیکردنەوە زیاتر لە دوو جار تەواوی تاقیکردنەوەکەت ئەنجام دابێت.
سەرچاوە: https://www.aehelp.com/
وەرگێڕانی: پەیام احمد عبداللە
خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی - کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت - زانکۆی ڕاپەڕین