بەم چەند ئامۆژگاریە سادانە زاڵبە بەسەر شڵەژانی تاقیكردنەوەی ئایەڵتس

چاپکردن ئیمەیڵ

یەكێك لە هەرە پرسیارە باوەكان كە لە لایەن ئەو خوێندکارانەوە دەكرێت كە پێشتر تاقیكردنەوەی ئایەڵتسیان كردوە، ئەوەیە كە چۆن بەسەر شڵەژانی تاقیكردنەوەی ئایەڵتس زاڵبن. زۆربەی خوێندکاران كاتی خۆیان بۆ بەرەوپێشبردنی كارامەییەكانی قسەكردن، نوسین، ڕێزمان، وشەكاری بەكاردەهێنن، بەڵام گرنگی زۆر بە شڵەژانی كاتی تاقیكردنەوەكە نادەن. تەنانەت زۆربەی ئەو خوێندکارانەش كە متمانەیان بە خۆیان هەیە دەكەونە ژێر كاریگەری شڵەژانی تاقیكردنەوەكە. هەمیشە و بەردەوام  گوێم لە هەمان گازندە دەبێت كە لەلایەن خوێندکارانەوە دەكرێت.

" نمرەی تاقیكردنەوەكانی كاتی ڕاهێنانم باشن، بەڵام كاتێ تاقیكردنەوەی ڕاستی ئایەڵتس دەكەم نمرەكانم زۆر دێنە خوارەوە. چی بكەم بۆ ئەوەی تاقیكردنەوەی ڕاستەقینە باشتر بە ئەنجام بگەیەنم، نەك تەنها كاتێ  باشبم کە خەریكی  ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئامادەكاریم ؟"

 

 دیارترین هۆكار بۆ ئەو جیاوازیەی لە نمرەی خۆ ئامادەكردنی ئایەڵتس لە ماڵەوە هەیە لەگەڵ نمرەی تاقیكردنەوەی ڕاستەقینە شتێکی ڕوونە، ئەویش بریتییە لە فشاری تاقیكردنەووە. هەمان هەست،  هەمان بیرکردنەوە و هەمان ئەنجامت نابێت  كاتێ لە ژێر فشاردا تاقیکردنەوەکە دەکەیت. شتێکی شاراوە نیە كە تاقیكردنەوەی ئایەڵتس بارودۆێكی پڕ لە فشارە.

كۆنتڕۆڵی شڵەژانی تاقیكردنەوەی ئایەڵتس بكە بەم ئامۆژگاریە سادانە بۆ كەمكردنەوەی فشاری تاقیكردنەوەكە و بەرزكردنەوەی نمرەكەت:

١- ببە بە خوێندکارێكی باش

ئەگەر فشاری تاقیكردنەوەكەت بەهۆی ئەو ڕاستیەوە بێت كە بە باشی خۆت ئامادە نەكردووە، كەواتە نەنها یەك چارەسەر هەیە. ئەوەی لەسەر تۆ پێویستە جێبەجێی بكەی ڕاستگۆیبوونە لەگەڵ خۆت و بزانە كە چەنددت پێویستە بۆ خوێندن و ئامادەكاری. ئەو خوێندکارانەی تەمبەڵن و بەپەرۆش نین هەرگیز لە تاقیكردنەوەی ئایەڵتس باش نابن.

٢- هەڵوێستت با ئەرێنی بێت

خوێندکاری زۆر هەیە كە پێشبینی خراپ بۆ خۆیان دەكەن. لەناو مێشكی خۆیان پێشوەختە بڕیار دەدەن كە  شكست دەهێنن پێش ئەوەی تەنانەت تاقیكردنەوەكەش بكەن. ئەگەر هەڵوێستێكی ئەرێنیت هەبێت  ئارامتر دەبیت و باشتر وەڵامدەدەیتەوە. بەڕاستی ئەرێنی بوون یارمەتیت دەدات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شڵەژانی تاقیكردنەوەی ئایەڵتس بۆ ئەوەی ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنیت.

٣- پشوو وەربگرە پێش تاقیكردنەوەكە

ئەگەر بۆ ماوەی چەند مانگێك خەریكی خۆ ئامادەكردن بوبیت لە تاقیكردنەوەی ئایەڵتس،  پێناچێت بە ڕۆژێک پێش تاقیکردنەوەکە هیچی نوێ فێربیت بۆیە پشوو بدە، یاری بكە، سەیری فیلم بكە، یا خەریكی هەرشتێكی تر بیت جگە لەو شتانەی پەیوەندیان بە تاقیكردنەوەكە هەیە. هەروەها دڵنیابە كە شەوی پێش تاقیكردنەوە بە باشی دەخەویت.

٤- با بارودۆخێكی دەرونی باشت هەبێت

ڕێگایەكی تر بۆ زاڵبون بەسەر فشاری تاقیكردنەوەی ئایەڵتس ئەوەیە كە لە بارودۆخێكی دەرونی باشدا بیت. لە كاتی خۆیدا بگە تاقیكردنەوەكە و سەرنج بخەسەر ئەوەی كە چەند باش پێت وایە دەتونیت تاقیكردنەوەكە ئەنجام بدەیت. بەیانیەکەی نانێكی تەندروست بخۆ و قسە لەگەڵ هاوڕێیەك بكە. هەرگیز بیر لە پێشبینی ئەگەری قورسی تاقیكردنەوەكە مەكەوە، تەنها بیر لەوە بكەوە كە باش دەتوانیت ئەنجامی بدەیت.

٥- هێمن بە و گوێ لە مۆسیقا بگرە

گوێ گرتن لە مۆسیقای شاد لەوانەیە یارمەتیت بدات بۆ سەرنجدان لە بیركردنەوەی ئەرێنی، نەك ئەو كێشانەی كە لەوانەیە یاخود لەوانە نیە ڕوبدات لەكاتی تاقیكردنەوەكە. تاقیكردنەوەكە لە مێشكت بكەدەرەوە و بیر لە شتی ئەرێنی و ئارامكەر بكەوە. جوینی بنێشت لەوانەیە یارمەتیت بدات بۆ چڕكردنەوەی بیر و هۆشت لە كاتی تاقیكردنەوەكە.

٦- پێت وابێت كە ناتوانی شكست بهێنی

زۆرێك لەو خوێندکارانەی كە ناتوانن زاڵبن بەسەر شڵەژانی تاقیكردنەوەی ئایەڵتس، نیگەرانی ئەوەن كە چیان بەسەر دێت ئەگەر شكست بهێنن. ڕاستیەكە ئەوەیە كە ناتوانن شكست بهێنن. ئەگەر ئەو نمرەیەت بەدەست نەهێنا كە دەتەوێت، دەتوانیت دووبارە هەوڵبدەیەوە و تاكە شكست بریتیە لە كۆڵدان. هەر تاقیكردنەوەك كە دەیكەیت نزیكبونەوەی هەنگاوێكە لە سەركەوتن.

٧- مەشقی شڵەژانی تاقیكردنەوەی ئایەڵتس بكە

بەنزیكەیی هەموو خوێندکاران بەجۆرێك توشی شڵەژانی تاقیكردنەوەی ئایەڵتس دەبن. هەندێ لە خوێندکاران باشتر بەسەر ئەو شڵەژاویەدا زاڵدەبن بەراورد بە  خوێندکارەکانی تر. هەوڵبدە لە شوێنێكی نامۆ ڕاهێنانی ئەركی ئایەڵتس بكە، وای دابنێ كە لە ژووری تاقیكردنەوەی ئایەڵتس دایت. ئەنجامدانی تاقیکردنەوە ئامادەکاری ئایەڵتس لە شوێنێكی سەرقاڵ و پڕ ژاوەژاودا یارمەتیت دەدات سەرنج بدەیت و ئەو شتانە فەرامۆش بكەی كە تەركیزت پەرت دەكەن. ئەو تاقیکردنەوە بكە، كاتێ هەست بە باشی ناكەیت، یا كاتێ زۆر ماندووی، بۆ ئەوەی ڕابێیت و بتوانی بەسەر تەركیزی خۆت زاڵبی و ئەنجامی باش كاتێك ئەنجامی تاقیكردنەوەی ئایەڵتس وەردەگریتەوە، لێی بكۆڵەرەوە و بزانە پێویستە چ لایەنێكت پێش بخەی بۆ ئەوەی جاری داهاتوو ئەو نمرەیە بەدەست بهێنی كە پێویستە. كۆڵ مەدە، بەردەوام بە لە خۆ ئامادەكردن، بەردەوام بە لە ڕاهێنان، و بە ئەرێنی بمێنەوە. هەموو خوێندکاران جیاوازن لە یەكتر، كات بدە بە خۆت بۆ ئەوەی بۆت دەربكەوێت كە چ شتێك دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ زاڵبون بەسەر شڵەژانی تاقیكردنەوەی ئایەڵتس و دواتر ڕاهێنانی لەسەر بكە، تا باشتر ڕاهێنان بكەیت ئەوەندە باشتر بە شڵەژانی كەمتر تاقیكردنەوەكە دەكەیت.

 

 

سەرچاوە: http://theieltscoach.com/control-ielts-exam-nerves/

وەرگێڕانی: جوتیار جلال حسن

خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی - کۆلێژی پەروەردە - زانکۆی ڕاپەڕین