ئەوشتانەی چاوەڕوان کراون لەڕۆژی تاقیکردنەوەی ئایەڵتسدا

چاپکردن ئیمەیڵ

 

تاقیکردنەوەی  (IELTS) لەچوار بەش پێکهاتوە، هەمیشە هەرسێ بەشی گوێگرتن و خوێندنەوە و نوسین لەهەمان ڕۆژ و دانیشتندا ئەنجام دەدرێن.

ڕەنگە بەشی ئاخاوتنیش لەهەمان ڕۆژدا یاخود حەوت ڕۆژ پێش یان پاش تاقیکردنەوەکانی دیکە ئەنجام بدرێت بەگوێرەی ئەو سەنتەرەی تاقیکردنەوەکەی تێدا ئەنجام دەدەیت.

تاقیکردنەوەی  (IELTS)  سیستەمی پاراستنی بایۆمەتری پێشکەوتو بەکاردەبات، کە پاڵێوراوان و ڕیکخراوەکان لە هەوڵی قۆپی کردن دەپارێزێت. کاتێک ناوی خۆت تۆمار دەکەیت لەڕۆژی تاقیکردنەوەکە ئەوا بەم پرۆسانەی کە لە خوارەوەدا ڕون کراونەتەوە تێپەڕ دەبیت.

 

۱ـ پێشوەخت ئامادەبە

پیویستە زوو ئامادەبیت لەتاقیکردنەوەی (IELTS) بۆ ئەوەی کاتت هەبێت بۆ ناو تۆمارکردن و شوێن گرتن. تکایە سەرنجی وردەکاریەكانی پشتڕاست کردنەوەی خۆتۆمارکردنەکەت بدە. ئەگەر هاتو درەنگ ئامادەبیت ڕەنگە ڕێگەت پێنەدرێت بەشداری تاقیکردنەوەکە بکەیت.

۲ـ شتە تایبەتەکانی خۆت بپشکنە

هیچ شتێکی تایبەت نابێت ببرێتە نێو ژوری تاقیکردنەوە، دەستەی تاقیکردنەوەکە شتە تایبەتیەکانت بەپاریزراوی بۆهەڵدەگرن. ئەوشتانەی کە قەدەغەن ببرێنە ژووری تاقیکردنەوەوە بریتین لە: مۆبایل، لاپتۆپ و تابلێت، کامێرا، کڵاو، ملپێچ، جزدان، پەرتوک یاخود تیانوس.

۳ـ پشکنینی ناسنامە

کاتێک ناوی خۆن تۆمار دەکەیت لەڕۆژی تاقیکردنەوەدا ئەندامێک لەدەستەی تاقیکردنەوە هەڵدەستێت بەپشکنینی ناسنامەکەت. پێویستە ناسنامەکەت هەمان ناسنامەبێت کەپێشتر بەکارت هێناوە بۆ ناوتۆمارکردن لەتاقیکردنەوەکەدا، وە پێویستە بەرواری ناسنامەکە بەسەرنەچوبێت و وێنەیەکی ڕونی خۆتی لەسەربێت.

وەک تاقیکرنەوەیەکی پڕ بایەخ و گرنگ  (IELTS) تازەترین تەکنەلۆژیای بایۆمەتری بەکار دەهێنێت بۆ دڵنیاکردنەوەی ناسنامەکەت و کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانی لەڕۆژی تاقیکردنەوەدا. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کەلەڕۆژی تاقیکردنەوەکەدا وێنەیەکی ڕونت دەگرن بۆ سەر فۆڕمی تاقیکردنەوەکەت. ئەم فۆڕمە ڕێگە بەو ڕیکخراوە دەدات کە تۆ ناوت لێ تۆمارکردوە ئەنجامەکەت بچەسپینن.

لەو وڵاتانەی کەڕێگەپێدراوە داوای پەنجەمۆریشت لێ دەکرێت وەک ڕێگەیەک بۆ دڵنیاکردنەوەی زیاتری ناسنامەکەت. هەرکاتێک دوبارە دەچیتەوە نێو ژوری تاقیکردنەوەوە لەدوای پشویەک یاخود پاش تاقیکردنەوەی زارەکی داوای پەنجەمۆرت لێدەکرێت بۆ دڵنیاکردنەوەی ناسنامەکەت.

ڕەنگە بپرسیت سودی ئەم شتانە چین لەڕۆژی تاقیکردنەوەدا؟

ئەم ئامرازی بایۆمەتریانە پڕۆسەی چەسپاندن و دڵنیاکردنەوەی ناسنامەکەت خێراتر دەکەن. ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەوکاتەی کەتۆ بەسەری دەبەیت لەچاوەڕوانی تۆمارکردنی ناوەکەت لە ڕۆژی تاقیکردنەوەدا کەم دەبێتەوە و دەتوانی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا لەشوێنی خۆت بەخێرای دابنیشیت.

٤ـ کاتێک دەچیتە نێو ژوری تاقیکردنەوەوە

کاتێک کاتی ئەوەدێت کە بچیتە نێو ژوری تاقیکردنەوەوە چاودێرێک ڕێنمایت دەکات بۆ شوێنەکەی خۆت. نابێت هیچ تێبینیەک بنوسیت و ڕێگەشت پێنادرێت لەگەڵ هیچ کام لەپاڵێوراوەکانی دیکەدا قسەبکەیت. ئەگەر پرسیاریکیشت هەبو تەنها دەست بەرزدەکەیتەوە و ئەندامێک لەدەستەکە یارمەتیت دەدات. لەسەر مێزەکەت تەنها ڕێگەپێدراوە ناسنامە، پێنوس، خەتکوژێنەوە و بوتڵێک خواردنەوە لە شوشەیەکی ڕونداتدا پێبێت.

٥ـ پشوەکان

تۆ ڕێگەت پێنادرێت لە ۱۰ دەقەی سەرەتا و کۆتای تاقیکردنەوەی هەربەشێکدا ژورەکەت بەجێ بهێڵیت. لەهەرکاتێکی دیکەدا ئەگەر ویستت ژوری تاقیکردنەوە بەجێبهێڵیت و بچیت بۆ  WC ئەوا دەستت بەرز بکەرەوە و داوا لە ئەندامێکی دەستەکە بکە.

٦ـ ئەگەر پێویستیت بە یارمەتی هەبو

 ئەگەر هەر کێشەیەکت هەبێت، بۆ نمونە ئەگەر پێتوابێت پەڕەیەکت بەهەڵە دراوەتێ، بە باشی گوێبیستی ڕێنماییەکان نابیت یان هەست بە نەخۆشیی بکەیت، ئەوا دەست بەرز بکەرەوە تا سەرنجی سەرپەرشتیارەکە بۆخۆت ڕادەکێشیت. ئەوەشت لەبیربێت کە چاودێرەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکت لەسەر پرسیارەکان پێنادات.

۷ـ کۆتای تاقیکردنەوە

ناتوانیت شوێنەکەت بەجێبهێڵیت تا پەڕەکەت لێوەرنەگرن و ڕێگەت پێنەدەن بۆ چونەدەرەوە. ئەگەر هات و زوو تەواوبویت دەبێت بەبێدەنگی دابنیشیت تا تاقیکردنەوەکە تەواو دەبێت و بەتۆش دەوترێت کە دەتوانیت بڕۆیت. دەبێت هەرتێبینی و شتێک کەپێتە لەسەر مێزەکەت بەجێی بهێڵی.

٨ـ دوای تاقیکردنەوە

شتەکانت کۆبکەرەوە، ئەنجامە سەرەتاییەکان پاش ۱۳ ڕۆژ لەتاقیکردنەوەکەت بەشێوەی ئۆنلاین بەردەست دەبێت و ئەنجامە ڕەسمیەکانیش پاش ۱۳ڕۆژ لەسەر فۆڕمی تاقیکردنەوەکەت بەردەست دەبێت، هەروەها دەتوانیت لە سەنتەری تاقیکردنەوەکان ئەنجامەکەت وەرگریتەوە یان بۆت پۆست بکرێت بەپێی ئەوەی کەخۆت کام ڕێگایەت هەڵبژاردوە لەکاتی ناو تۆمارکردنەکەتدا.

ـ هەندێک زانیاری سەبارەت بەڕۆژی تاقیکردنەوە:

۱ـ نانێکی بەیانی باش بخۆ

نانێکی باش بخۆ چونکە چەند کاتژمێرێکت لەپێشە بۆ تەرکیزکردن لەبەرئەوە پێویستت بەخواردن و خواردنەوە دەبێت لەبەیانیەکەیدا. دەشتوانیت هەندێک خواردن یان سوکە ژەمێک لەگەڵ خۆت ببەیت بۆئەوەی دوای تاقیکردنەوەی سەرلەبەیانیەکەی بیخۆیت بەتایبەت ئەگەر تاقیکردنەوەی زارەکیشت هەبێت لەهەمان ڕۆژدا. ناتوانیت خواردنو خواردنەوە لەگەڵ خۆت ببەیتە نێو ژوری تاقیکردنەوە.

۲ـ ئاگاداری کات بە

لەژوری تاقیکردنەوە کاتژمیرێکی دیواری لێیە.گرنگە ئاگاداری کات بیت و لەگەڵ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکەتدا بیگونجێنیت.

ـ ئامۆژگاریەکانی ڕۆژی تاقیکردنەوە

لەڕۆژی تاقیکردنەکەتدا پێویستە:

۱ـ پێشوەخت ئامادەبیت بۆئەوەی کاتی پێوویستت هەبێت بۆ چونە ژورەوە و تێپەڕاندنی هەمو هەنگاوە پێویستەکانی دڵنیای.

۲ـ ناسنامە ببە (پاسپۆرت و ناسنامەی باری شارستانی) پێویستە هەمان ناسنامە بەکار بهێنیت کە لە سەر فۆڕمی (IELTS) بەکارت هێناوە. ئەگەر ناسنامەیەکی دروستت پێنەبێت ناتوانیت بەشداری تاقیکردنەوەکە بکەیت.

۳ـ پێداویستیەکانی پەڕاوگا بۆ تاقیکردنەوەکە وەک پێنوس و پاندان و خەتکوژێنەوە لەگەڵ خۆت ببە.

٤ـ هەوڵبدە هێمنبیت تابتوانیت ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنیت.

٥ـ بەوریایەوە گوێ بگرە لە ڕێنمایەکانی چاودێرەکەت ئەگەر بەباشی گوێبیستی نەبویت یان دڵنیا نەبویت، دەستت بەرز بکەرەوە و سەرپەرشتیارەکە یارمەتیت دەدات.

٦ـ دەستت بەرز بکەرەوە و سەرپەرشتیارەکە ئاگادار بکەرەوە ئەگەر هەر کێشەیەکت هەبو، بۆنمونە ئەگەر هەستت کرد کە نەخۆشیت و نەخۆشیەکەت کار دەکاتە سەر تاقیکردنەوەکەت یان هەر هۆکارێکی دیکە کە کارت لێبکات پێویستە چاودێرەکەی لێئاگادار بکەیتەوە.

لەیادتبێت کە:

۱ـ نابێت قۆپیە بکەیت و هیچ شتێک لەبەر ئەوانی دیکە بنوسیت یان کێشە لەتاقیکردنەوەکەدا دروست بکەیت.

۲ـ نابێت فەرهەنگ، پەیجەر، ڕاسکەرەوەی سپێڵ، دەنگ تۆمارکەر و مۆبایل بەکار بهێنیت.

۳ـ نابێت هیچ شتێک ببەخشی و هیچیش وەرگریت لەوانەی تەنیشتت کاتێک چویتە ژوری تاقیکردنەوە.

٤ـچاودێرەکان ناتوانن هیچ یارمەتیەکت بدەن سەبارەت بە پرسیارەکان.

٥ـ نابێت قسە بکەیت یان پاڵێوراوەکانی دیکە بێزار بکەیت کاتێک تاقیکردنەوە دەستی پێکرد.

٦ـ ڕێگەت پێنادرێت شت بخۆیت یان جگەرە بکێشیت لەژوری تاقیکردنەوەد.ا

۷ـ نابێت هیچ بەشێک لە تاقیکردنەوەکە دوبارە بۆخۆت بنوسیتەوە ئەگەرنا ئەنجامەکانت هەڵدەپەسێردرێت و ڕەنگە تۆمەتباریش بکرێیت.

٨ـ هیچ شتێک لەگەڵ خۆت مەبەدەروە  لەژوری تاقیکردنەوە، وەک پەڕەی پرسیار یان وەڵام یان هەرشتێکی دیکە.

۹ـ ناتوانیت ژوری تاقیکردنەوە بەجێ بهێڵیت بەبێ ئاگادار چاودێر.

ئەگەر هەریەک لەو یاسایانە بشکێنیت ئەوا تاقیکردنەوەکەت ڕادەگیرێت و ئەو دەزگایەی کە بەرپرسیارە لە وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان ئاگادار دەکرێنەوە

 

 

 

 

سەرچاوە: https://www.ieltsessentials.com/global/prepare/whattoexpectontestday  

وەڕگێڕانی: باخان احمد محمد

دەرچووی بەشی ئینگلیزی