
سەردار عبدالله حسێن
کورد
دوای ئەوەی بە سەرکەوتوویی بڕوانامەی بەکالۆریۆسم بەدەست هێنا لە زانکۆی کۆیە و و یەکێک بووم لە خوێندکارە یەکەمەکانی بەشەکەم، ڕاستەوخۆ وەکو یاریدەدەری وەرگێر لە ساڵی ٢٠١٣ لە هەمان زانکۆ دەست بەکاربووم. بۆ ماوەی نزیکەی ٢ ساڵ لە فاکەڵتی ئەندازیاری وەکو وەرگێر و پسپۆڕی ئایتی کارمکرد و پاشان ڕاژەکەم گواستەوە زانکۆی ڕاپەڕین و لەوێ لە سێنتەری زمان دەست بەکاربووم، کە ڕێک ساڵی ٢٠١٥ مانگی ٤ بوو.
بە خۆشحاڵییەوە لەم کاتەوە تا ئێستاش بەوپەڕی تواناوە کارم کردووە لە بەرەوپێشبردنی ئەم سێنتەرە لەگەڵ هاوکارانم و چەندان پڕۆژەمان دەست پێکردووە و هەندێکیان جێبەجێکراون و هەندێکیش لە پلاندان. لێرە سەرباری ئەوەی وەکو لێپرسراوی کۆرسە ئەکادیمییەکان کاردەکەم، وەکو بەرێوەبەری دیجیتاڵ میدیا کاردەکەم و لە هەمان کاتیشدا وەکو تیم لە گشت کارە کارگێرییەکانی سێنتەری زمان بەشدارم.
بە شانازییەوە، لە ساڵی ٢٠١٧ بە سکۆڵەرشیپێک لەسەر پڕۆگرامی ئیراسموس موندوس مەرحەبا بۆ خوێندنی ماستەر ڕۆیشتم بۆ وڵاتی ئیسپانیا و لە زانکۆی ئەلمێریا بە پلەی نایابی باڵا ماستەرم لە زمانی ئینگلیزی بەدەست هێنا. بەو پەڕی سەربەرزیەوە لە ئێستادا هەڵگری ئەو بڕوانامەیەم و خوازیاریشم بواری ترم بۆ بڕەخسێت درێژە بە خوێندن بدەم تا بتوانم زیاتر و زیاتر خزمەت بکەم.
سەرەڕای خوێندنی ئەکادیمیم، ئەزموونی نوسەری و ڕۆژنامەوانیم لە بواری تەکنەلۆژیا هەیە بۆ ماوەی زیاتر لە ٩ ساڵە. لە هەریەکە لە گۆڤاری ئایتی و بایت و ماڵپەڕی کوردپڕۆگرام کارمکردووە. ئێستاش وەکو بەڕێوەبەری گشتی باوەڕپێکراوترین ماڵپەڕی تەکنەلۆژی بە ناوی Kitn.net کاردەکەم، کە خۆم دامەزرێنەریم. لە ئێستادا زیاتر لە ٩٠٠ بابەتی بڵاوکراوە و چەندین وتار و کتێبێکی وەرگێردراوم هەیە.
زۆر ئارەزووی فێربوونم و ئەزموونی جیاوازم هەیە و زۆرجار سەرکێشی دەکەم لە زۆر کاردا و دەمەوێت تواناکانی خۆم بەکاربهێنم بە شێوەیەکی کرداری، چونکە پێم وایە ئێمە هەموومان خاوەن بەهرەین بەڵام بوێری پێویستە. لێتان نەشارمەوە، لە کاتی بەتاڵدا ئارەزووی پشوو وەرگرتنم هەیە بەڵام هێشتاش بیر لە پڕۆژەکانی داهاتوو و جێبەجێکردنیان دەکەمەوە.