پتر لە 600 مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکار لە زانکۆی ڕاپەڕین تاقیکردنەوەی EF SET ـیان ئەنجامدا

چاپکردن ئیمەیڵ

بەسەرپەرشتی سێنتەری پەرەپێدان و زمان، و بە هەماهەنگی بەشەکانی زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر لە کۆلیێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی ڕاپەڕین، لە ڕێکەوتی ٢٦ تا ٣٠ ئایاری ٢٠١٩، بە بەشداری مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەران یەکەمین تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی EFSET لە زانکۆی ڕاپەڕین لە Learning Centerـی سێنتەری زمان و بەشێکیش لە کۆلێژی پەروەردە/کەمپەسی قەڵادزێ بەڕێوەچوو. لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژە زیاتر لە ٦٠٠ مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکار بە گەرموگوڕی بەشداریان لە تاقیکردنەوەکە کرد.

ئەم تاقیکردنەوەیە لە سەرجەم زانکۆکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت بۆ مەبەستی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆکانە، تاقیکردنەوەکە ماوەی ٥٠ خولەک دەخایەنێت، کە ٢٥ خولەک بۆ خویندنەوە (Reading) و ٢٥ خولەک بۆ گوێگرتن  (Listening)ـە، و ڕاستەوخۆ لە دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە ئەنجامەکەی بەردەست دەبێت و بەشداربوو دەتوانێت بزانێت ئاستی چۆن بووە.

شایەنی باسە، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێت لەم سۆنگەیەوە ئاستی مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکارانی لە زمانی ئینگلیزی بزانێت، تاوەکو بتوانێت بە پێی میکانیزمی پلان بۆ داڕێژراو و بە هەماهەنگی Education First کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکارانی زانکۆکان بکات لە داهاتوودا.