چۆن پەرە بە بەهێزی وشەی ئینگلیزی دەدەیت؟

چاپکردن ئیمەیڵ

١. دەست بە خوێندنەوەی پەرتووک بکە

بەشێوەیەکی سروشتی ئەو پرسیارەمان لە مێشکا دروست دەبێت، " کام پەتووکە باشە بیخوێنمەوە؟ ." پرسیار لە کەس مەکە. ئەوان هەزارەها کتێبت بۆ پێشنیاردەکەن، دوای ئەوەش ئامۆژگاریکردن هەرزانترین شتە لە جیهاندا .هەموو ئەمانە پشتگوێبخە، بڕۆ بۆ کتێبخانەیەک  یان دوکانی کتێب فرۆشتن و هەرەمەکیانە کتێبێک هەڵبژێرە. دەست بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە بکە. سەرەتا وشەیەکی زۆر دەدۆزیتەوە کە تەنانەت هەرگیز نەتبیستون. لەگەڵ ئەوەشدا واز لە خوێندنەوەی مەهێنە.  لە جیاتی ئەوە، هەوڵبدە پێشبینی ماناکەی بکەیت بە پێی دەقەکە. دواتر سەیرێکی ماناکەی بکە لە ڕێگای فەرهەنگێک. ئەمە بکە بۆ هەموو ئەو وشانەی کەمانایان نازانیت. کتێبەکە بەوریاییەوە بخوێنەوە. ئەوە بکە بە هەنگاوی سەرەکیت. خوێندنەوە باشترین ڕێگایە بۆ پەرەپێدانی بەهێزی وشە.

 

٢. بنوسە. زۆر بنووسە

نووسینی ڕۆژانە پێویستییەکی سەرەکییە بۆ فێربوونی وشەی نوێ. بەدڵنیایەوە ئەو پێویستییە هاندەرێکی کارا دەبێت بۆ پەرەپێدانی  وشەکاریت. گوێ بە هەڵەی ڕێزمانی مەدە، تەنها بە بەردەوامی بنوسە.  دوای مانگێک یان زیاتر، سەرسام دەبیت بەو ئەنجامەی بەدەستی دەهێنیت.

٣. قسەبکە

وەکو ئەوەی کۆتا ڕۆژتبێت قسەبکە.  کاتێک قسە لەگەڵ کەسێک دەکەیت یان کە لەگەڵ هاوڕێکەت دەدوێیت، ئەو وشانەی لەو دواییانە فێریان بوویت بەکاریان بهێنە. ئەوانە لە دەقدا بەکاربهێنە. هەروەها کاتێک ناوێکی باو وەکو (food) بەکاردەهێنیت، هەوڵبدە هاوماناکانیان بدۆزیتەوە بۆ نموونە: (aliment)  یەکێک لە هاوماناکانی وشەی (food) ە. بەم شێوەیە دەتوانی ژمارەیەکی یەکجار زۆر وشە فێربیت. لەبیرتبێت فێربوونی وشەی نوێ بەفیڕۆدانی کاتە ئەگەر بەکاریان نەهێنیت. هەرشتێک ڕۆژانە بەکارنەهێنرێت ژەنگ دەهێنێت و دەبێتە تۆز، ئەوە بۆ هەموو زانیاریەکانیشت هەر ڕاستە. بۆیە بەکاریان بهێنە بەڕاستی.

٤. تەکنەلۆجیا بۆ سودی خۆت بەکاربهێنە

لە ڕۆژگاری ئێستادا هەموو شتێک  بۆ خەڵکی ئاسایی  بەردەستە لە سایەی پەیدابونی ئەو تەکنەلۆجیایەی کە ناوی ئینتەرنێتە. لەوانەیە تۆ نوێترین مۆدێلی موبایلی زیرەکی سامسۆنگ یان ئای پادی ئەپڵت هەبێت، بەڵام سودی ئەوە چیە ئەگەر ئەوە بۆ سودی خۆت بەکارنەهێنیت.  بۆیە سەردانی وێب سایتەکان بکە وەکو: Dictionary.com ،Vocabulary.com ،Wordnik ،Wordpandit ...هیتر. هەموو ئەم وێب سایتانە نایابن کە وشەی زۆریان تێدایە زۆر بەباشی  ڕوونکراونەتەوە وە دڵنیام چێژیان لێدەبینیت.

تێبینی: حەزدەکەم پێشنیاری کتێبی (Word Power Made Easy) تان بۆ بکەم بەڵێ، ئەو کتێبە فێری وشە نوێکانت دەکات  لەسەر بنچینەی  وشەزانی کە ئەمە بۆ من زۆر بەسودبوو.

٥. سەیری فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی بەریتانی و ئەمریکی بکە

یەکێک  لە باوترین  ڕێگاکانی  کات  بەسەربردن  بۆ گەشەپێدانی  وشەکاری  بریتییە لە سەیرکردنی فیلمەکان یان ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنیانەی حەزتلێیانە. هەرچەندە کاتێک دەڵێم فیلمەکان و زنجیرە تەلەفزیۆنیەکان مەبەست ئەوانە نیە کە کراون بە ئینگلیزی چونکە ئەوە قورسە و مەحالە وەرگێڕانی شتێک لە زمانێکەوە بۆ یەکێکیتر وەکوخۆیبێت، بەڵکومەبەستم ئەوانەیە کە لە بنەڕەتدا بە ئینگلیزی بەرهەمهێنراون. گوێگرتن لەو ئەکتەرانەی کە ڕەوان بێژن لە زماندا یارمەتیت دەدەن لە فێربوونی وشەی نوێ،  وە فێربوونی چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەو وشانە و هەروەها بەباشی تێگەیشتن لەوەی کە چۆن هەندێک لە وشەکان مانای جیاوازیان هەیە بەپێی جیاوازی دەقەکان. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنتەرنێت، دەستکەوتنی فیلمەکان و زنجیرە تەلەفزیۆنیەکان ئاسانترە لە هەر کاتێک، بۆیە ئەکاونتی سەیرکردنی فیلمەکانت (Netflix)  نوێبکەوە و دەستبکە بە بەکارهێنانی. دەتوانیت دەست پێبکەیت بە سەیرکردنی ئەوانەی کە ژێر نووسی ئینگلیزییان هەیە هەتا کارامەیی گوێگرتنت بەهێزدەبێت لەگەڵ هەموو بەشەکانیتری زمان (ڕێنووس، ڕێزما...هیتر). دوای ئەوەی باوەڕبەخۆبونی زیاترت بە دەستهێنا،  وردە وردە سەیریان بکە بەبێ ژێرنووس.

٦. پۆدکاست و ئەو پەرتووکانەی کە تۆماری دەنگیان هەیە

ئەوە بێهاوتاترینە بۆ پەرەپێدانی وشەکاری لە کاتێکداهەم بۆ کات بەسەربردنە و هەم بۆ وەرگرتنی زانیاریشە. پۆدکاست و کتێبی دەنگی بەردەستن بۆ زۆر بابەت هەم لە ڕوی زانست، تەکنەلۆجیا، سەیارە و بازرگانی، تاوەکو بابەتی فاشیۆن، فۆتۆگرافی و ژیاننامە یان بیرەوەری کەسە بەناوبانگەکان، بۆیە هەندێک لەو شتانە بدۆزەوە کە چێژیان لێدەبینیت. ژمارەیەکی یەکجار زۆرئەپلیکەیشن بەردەستن کە  پۆدکاست و کتێبی دەنگیی پێویست لە خۆدەگرن وەکو: Audible ،Google Podcasts ،Spotify ،Stitcher ،Podcast Republic... هیتر. هەڕەمەکیانە یەکێکیان هەڵبژێرە و  دەستبکە بە گوێگرتن.

 

 

 

سەرچاوە: https://opentalk.to/blog/improve-english-word-power/

وەرگێڕانی: ژاڵە ڕەسوڵ ڕۆستەم

خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی - کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت - زانکۆی ڕاپەڕین