چۆن توانستی ئاخاوتنت بە زمانی ئینگلیزی باش دەکەیت؟

چاپکردن ئیمەیڵ

زۆربەی خوێندکاران بەشە گرنگەکانی ڕێزمانی ئینگلیزی بە باشی تێدەگەن، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی ئینگلیزدا (Native Speakers) هەست بە ونبون دەکەن و توشی کێشە دەبن.

ئەمە راستیەکە کە تاکە ڕێگە بٶئەوەی ببیت بە قسەکەرێکی ناوازە لە زمانی ئینگلیزیدا، دەکەوێتەوە سەر ئەوەی کە گوێگرێکی ماندونەناسبیت و راهێنان بکەی لەسەری.

ئەم خاڵانەی خوارەوە چەند ڕێگەیەکن بۆ باشکردنی توانای قسەکردن بە زمانی ئینگلیزی. وە لەبیریشمان نەچێت کە گوێگرتن بناغەی قسەکردنە.  کاتێک کە دەتەوێت مەشقبکەیت لەسەر قسەکردن، لێرە چەند ڕێنماییەکمان هەیە لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی توانای قسەکردن لە زمانی ئینگلیزیدا.

١- دۆزینەوەی کەسێک بۆ گفتوگۆکردن

لەپێش هەمووشتێکدا، پێویستە کەسێکی خاوەن زمان(native speaker)بدۆزیەوە بۆ مەشقکردن لەگەڵی، وە ئەو خوێندکارانەی کە زۆربەی کات لەدەوری کەسانی ئینگلیزن توانایان زیاترە بۆ دۆزینەوەی هەلی باش بۆ قسەکردن لەگەڵ دەوروبەر و بازرگانە ناوخۆییەکان. هەروەها بەشداریکردن لە یانەکان و کارکردنی خۆبەخشانە باشترین رێگەکانن بۆ ناسینی خەڵکی ئینگلیز، وە ئەگەر ئەمەشت نەتوانی هەوڵبدە لەگەڵ مامۆستایەکی تایبەت تواناکانت وەگەڕخەیت، زۆربەی خوێندکاران پەیوەندی دەبەستن لەگەڵ مامۆستا تایبەتیەکان لەڕێگای (Skype) و ( Google Hangouts)ـوە.

٢- دڵنیابە لەوەی کە چەند گوێدەگریت ئەوەندەش قسەبکەیت

لەکاتی قسەکردن لەگەڵ کاسانی ئینگلیزدا، هەوڵبدە هاوسەنگی ڕابگریت لەنێوان گوێگرتن و قسەکردندا. ئەمە بەراستی بیرۆکەیەکی زۆرباشە کە پرسیارەکانت ئامادەبکەیت و بەهۆیەوە گفتوگۆکە بەشێوەیەکی زۆرباش دەڕواتە پێشەوە. وە ئەگەر لەماوەی گفتوگۆکردندا کەسی بەرامبەر پرسیاری لێکردیت تۆ دەتوانی هەمان پرسیار ئاڕاستەی بکەیەوە لە گوتنی (What do you think?) وە (What about you?).

٣- گفتوگۆکردنەکەت تۆماربکە

تۆمارکردنی دەنگ یەکێکە لەڕێگە هەرە باشەکان بۆ دەستەبەرکردنی سودێکی بێ وێنە لەکاتی گفتوگۆکردندا بە زمانی ئنگلیزی لەگەڵ خۆت یان قسەکەرێکی ڕەسەنی ئینگلیزی. کاتێک کە دوبارە گوێی لێدەگریتەوە، دەتوانیت شێوازی قسەکردنەکانت هەڵسەنگێنیت و وە تێبینی بکەیت کە لە کوێ پێویستت بە پەرەپێدان هەیە. وە هەروەها دەتوانی پێداچونەوە بکەیت بە ناوەرۆکی گفتوگۆکرنەکەدا و تێبینی بنوسی لەسەر وشەکان یان هەڵە تێگەیشتنەکان و هەروەها چەندین پرسیار ئامادەبکەیت بۆ جاری داهاتوو.

٤- دەوری خۆت بە ئینگلیزی بدە

ڕێگەیەکی تر بۆ پێشخستنی تواناکانت لە قسەکردنی ئینگلیزیدا ئەوەیە کە ئەوەندەی دەتوانیت کاتەکانت لەگەڵ زمانی ئینگلیزی بەسەربەرە، بە سەیرکردنی فیلم و کەناڵە ئینگلیزیەکان، وە سەیرکردنەوەی هەمان پڕۆگرام بۆ چەند جارێک، کە زۆربەی فێرخوازەکان پێیان وایە زیاتر تێدەگەن بەم شێوازە. لەهەمان کاتیشدا گوێگرتن یارمەتیدەرێکی زۆرباشە بۆ ئاشنابوون لەگەڵ (وەزن و قافیە)ی وشەکانی زمانی ئینگلیزیدا، وە هەرکاتێک لەگەڵ وشەیەکدا ئاشنابووی هەوڵبدە لاسایی یاخود تەقلیدی بکەیتەوە.

٥- لەگەڵ گۆرانی و فیلمەکان ڕاهێنان بکە.

گوێبگرە لە مۆسیقا و گۆرانی ئینگلیزی بە بەردەوامی. گۆرانی یەکێکە لە باشترین ئامراز بۆ فێربوونی وەزن و قافیەی دەنگەکان. گوێگرتن و گۆرانی وتن یارمەتیت دەدات بۆ بەبیرهاتنەوەی وشە و ڕستەکان (بەتایبەتی ئەگەر گۆرانیەکە ئاسان بێت بۆ تێگەیشتن)، وە لەلایەکیترەوە هاوکاریت دەکات تا بەشێوەیەکی تەواو سروشتی دەریانببڕیت. بەبێ ئاگایی دەربڕینی وشەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆئەوەی فێربیت وەک کەسانی ئینگلیز دەریانببڕیت. یەکێک لە گۆرانیە باشەکان بۆ فێرخوازانی (ESL or EFL) گۆرانی ''Tom's diner''ـە کە لەلایەن ((Suzanne Vega وە وتراوە، وە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە زمانێکی سادەی تێدا بەکارهاتووە بۆ وەسفکردنی شتەکان و چالاکیەکانی ڕۆژانە.

فیلمەکانیش لەهەمانکاتدا هەڵبژاردەیەکی باشن بۆ فێربوونی ئینگلیزی. لەڕێگەیانەوە فێری وشە، پەند، وەزن و قافیە و زاراوەکان دەبیت، وە گوێبگریت بە گوێی دڵ کاتێک کە سەیری فیلم دەکەیت.

٦- خوێندنەوە بە دەنگی بەرز

خوێندنەوە بەدەنگی بەرز ڕێگەیەکی سەرنجراکێشە بۆ ڕاهێنانکردن لەسەر قسەکردن لەکاتێکدا کە کەسێکت دەستنەکەوت بە ئینگلیزی قسەی لەگەڵ بکەیت. خویندنەوە بە دەنگی بەرز هەلێکی ناوازەیە بۆ جەخت خستنەسەر چۆنیەتی دەربڕین و هەنگاونان بەبێ ئەوەی دودڵبیت لە وشەی دواتر. خۆت دڵنیابکەوە کە ڕاهێنان لەسەر ئەو بابەتانە دەکەیت، کە توانای تێگەیشتنت هەیە لێیان. هەندێک لە خوێندکاران ئەو ڤیدیۆیانە بەکاردێنن بۆنمونە ( TED Talks) کە وشە بە وشە شێوازی خوێندنەوەیان لەگەڵە، هەربۆیە کاتێک کە بەدەنگی بەرز دەخوێنیتەوە دەتوانیت بەراوردی بکەیت بە چۆنیەتی دەربڕینی ئەو وشەیە لەلایەن قسەکەرەوە.

٧- قسە لەگەڵ خۆت بکە

دەربڕینی بیرۆکەکانت بە دەنگی بەرز یان گێڕانەوەی کردارەکانی ڕۆژانەت وەک (قاوە دەخۆمەوە و هەروەها ئێستا دەچم کتێبەکەشم دەکەمەوە) دەتوانێت ببێتە ڕێگەیەکی زۆر کاریگەر لەسەر مەشقکردنی قسەکردن بە ئینگلیزی، لەکاتێکدا قسەدەکەیت لەبەرخۆتەوە دەتوانی زۆر بە ڕونتر بیرۆکەکانت وەرگێڕیە سەر زمانی قسەکردن. مەشقکردن بە تەنهایی ڕێگەیەکی بێ سەرئێشەیە لەکاتێکدا هیچ کەسێک گوێی لە هەڵەکانت نابێت.

وەرگێرانی شاکار قادر
خوێندکاری بەشی ئینگلیزی - کۆلێژی پەروەردە - زانکۆی ڕاپەڕین

سەرچاوە: effortlessenglishclub.com