٥ ستراتیژی بۆ باشتر قسەکردنت بە زمانی ئینگلیزی

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەگەر تۆ بڕیارت داوە لە کۆرسێکی چڕوپڕی ئینگلیزی لە زانکۆیەکی دەرەوە یان زانکۆیەکی ناوەخۆ کە ستافی بیانی هەبێت خۆت ناونوس بکەیت؛ ئەوا تۆ هەنگاوی یەکەمت ناوە بۆ بوون بە قسەکەرێکی ئینگلیزی ڕەوان. بۆچی؟

چونکە یەکێك لە گرنگترین سودەکانی خوێندنی ئینگلیزی لە دەرەوە یان لە ناوەخۆ بەبوونی ستافی بیانی؛ هەلت پێدەدات بۆ قسەکردن بەشێوەیەکی کرداری لە هەموو ڕۆژێکدا کە قسە دەکەیت لەگەڵ هاوڵاتییانی ناوخۆیی یان ستافی بیانی و لەهەمان کاتدا هۆکارێکیشە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانت بۆ وانەکانی خۆت لە خوێندنی ئینگلیزی وەکو زمانی دووەمی واتە ESL.

ئایا تۆ بەدوای ئەو ڕێگایانەدا دەگەڕێیت کە تەنانەت توانستی قسەکردنت خێراتر دەکەن؟ بفەرموو ئەمانە کۆمەڵێك ڕێنمایین کە یارمەتیت دەدەن لە باشترکردنی ئاخاوتنت و دروستکردنی باوەڕبەخۆبوون.

١- پەیوەندی گرتن لەگەڵ قسەکەری ڕەسەنی ئینگلیزی

زۆربەی ESL و بەرنامە ئینگلیزیە چڕەکان هانت دەدەن تا بتوانیت چاوت بە خەڵکە ناوخۆییەکان (مەبەست لێرە ئەوەیە کە تۆ کۆرسێکی ئینگلیزی لە وڵاتێکی ئینگلیز نشین وەربگریت) بکەوێت، بۆ ئەوەی بتوانیت ڕاهێنانی ئینگلیزی بکەیت لەگەڵ قسەکەرانی ڕەسەنی ئینگلیزی. قسەکردن لەگەڵ قسەکەری ڕەسەنی بە ئەزموون یارمەتیت دەدات بۆ فێربوونی ڕستەسازی و تێگەیشتن لە گوزارشتەکان و باشترکردنی ڕەوانیت.

بەڵام ئێمە لەوە تێدەگەین کە چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵکی تازە لەوانەیە قورس بێت! هەر لەبەرئەوەیە ئێمە توانیومانە لە سێنتەری پەرەپێدان و زمان ژینگەیەکی باشی ئینگلیزی بۆ ئێوە بڕەخسێنین و مامۆستا و خەڵکی ڕەسەنی ئینگلیزی بۆ ئێوە بهێنین و ئێوەش لە کافێ و لەکاتی وانەکان ڕاهێنانی ئینگلیزییان لەگەڵ بکەن و هەروەها لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە شێوەیەکی بەردەوام سود لە تواناکانی ئەم مامۆستایانە وەربگیرێت.

۲- نیگەران مەبە دەربارەی پێویستی بەکارهێنانی ڕێزمانێکی تەواو

ڕێزمان گرنگە، وە کاتێک تۆ بەشداری کۆرسەکانمان دەکەیت زۆرینەی یاساکان و چۆنییەتی بەکارهێنانیان فێردەبیت. بەڵام ئەگەر تۆ زۆر جەخت لە پلاندانان بۆ بەکارهێنانی ڕستەیەکی تەواو بکەیتەوە، دەشێت هەرگیز دەنگت دەرنەچێت.

کاتێك تۆ گفتوگۆیەك دەکەیت لە هەڵە بچووكەکان مەترسە، چونکە هێشتا هاوڕێکانت لێت تێدەگەن ئەگەر دەمێکی هەڵە بەکاربهێنیت یان بیرت چوو کە ئایا شێوەی کردارەکە ڕاستە یان نا. شتە گرنگەکە ئەوەیە تۆ قسەیان بۆ دەکەیت و باوەڕ بەخۆبوونت لەڕێگەی کرداریەوە بۆ دروست دەبێت.

۳- فەرهەنگێکی ئینگلیزی - ئینگلیزی بەکاربهێنە

فەرهەنگە وەسفییە ئینگلیزی - ئینگلیزییەکانی وەکو Longman و Oxford و Cambridge و ...هتد لەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەرەکان یان لەسەرهێڵ لە ئێستادا بەردەستن و تایبەتمەندی خوێندنەوەی ڕستەکان بە دەنگی مرۆڤ لەخۆیان دەگرن و بەم شێوەیە لەکاتی گەڕان بەدوای وشە هەم وشەکە و هەمیش ئەم نمونانەی کە لەسەر وشەکە بوونیان هەیە دەتوانیت بە دەنگی مرۆڤ گوێبیستیان ببیت و لەم سۆنگەیەوە سود وەردەگریت بۆ باشترکردنی ئاخاوتنت بە ئینگلیزی. بەڵام لەبیرت بێت کە بەتەواوی خۆت نەبەستیتەوە بەم فەرهەنگانە بەشێوەیەک ڕاهێنانی خودی خۆتت لەبیربچێت و زیان بەخۆت بگەیەنیت لە پڕۆسەی باشترکردنی توانستی قسەکردنت بە ئینگلیزی.

٤- دەربڕینەکانت بە لاسایی کردنەوەی ئەوانی تر باشتربکە

بەشێکی فێربوونی ئینگلیزی بریتییە لە فێربوونی دەربڕینی دەنگی تازە بەشێوەیەکی ڕاست و دروست. تۆ دەبێت لەوە دڵنیابیت کە نە بەخێرایی و نە بەهێواشی قسەدەکەیت و لەهەمان کاتیشدا خەڵکی لێت تێدەگات. ڕێگایەکی چێژبەخش بۆ ئەوەی ڕاهێنانی ئینگلیزی بکەیت برتییە لە لاسایی کردنەوەی خەڵکانێکی بەناوبانگ.

وا خۆت نیشاندە کە تۆ شاژنی بەڕیتانی یان سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووکانی یان سەرۆك وەزیرانی کەنەدایت یان ئەکتەرێکی بەناوبانگی ئینگلیزیت. لەبەگرتنەوەی دێڕێک یان دوو دێڕ لە گفتوگۆکانیان پێویست دەکات لەسەرت کە بەهیواشی و بە وریاییەوە قسە بکەیت، ئەمە لەکاتێکدا پێویستە بەوریایی سەرنج بدەیت بۆ وشە نوێیەکان و چۆنیەتی دەربڕینیان.

٥- بەسادەیی وەریبگرە

وشە و گرێیە درێژ و ئاڵۆزەکان لەوانەیە دەنگێکی کاریگەربن لە وتارێکدا؛ بەڵام کاتێك تۆ فێری ئینگلیزی دەبیت زۆر ژیرانەیە کە شتەکان بە سادەیی وەربگرین. وشە بچوک و گرێیە کورتەکان یارمەتیت دەدەن بۆ ئەوەی بەڕوونی گفتوگۆ بکەیت و یارمەتیدەریشت دەبێت کە گفتوگۆکە زۆر بە ئاسانی بەردەوام بێت. بەم شێوەیە، هەتا گفتوگۆکانت درێژتربن، خێراتر فێردەبیت!

سەرچاوە:

englishlive.ef.com
cultureworkstheschool.com

 

وەرگێرانی بە دەستکارییەوە: شەیدا حمد مەلا
دەرچووی زمانی ئینگلیزی - کۆلێژی پەروەردە - زانکۆی ڕاپەڕین