لەبەر چەند ھۆکارێک، کەسە داخروەکان (introverts) پێشەنگن لەبواری مامۆستایەتیدا

چاپکردن ئیمەیڵ

زۆرێک وابیردەکەنەوە کە پیشەی مامۆستایەتی بۆ کەسانی کراوە گونجاوترە بە بەراورد لەگەڵ مامۆستا داخراوەکان و ئەوان سەرکەوتووترن تیایدا. ئەم بیروڕایە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پیشەی مامۆستایەتی کارێکی تاقەت پروکێنە و پێویستی بە کۆمەڵایەتی بوون و قسەکردن و جوڵەی زۆر ھەیە. هەروەک زانراویشە کەسی داخراو بە سروشت ئارەزووی لە تێکەڵاوبوون و ژاوەژاوی زۆر نیە، و زیاتر چێژ لە بێدەنگی و تەنھایی وەردەگرن. لەبەر ئەم ھۆکارانە، زۆر کەس دوای تەواکردنی کۆلیژ، نایەنەوێت ببن بە مامۆستا، تەنانەت چەندان مامۆستاش لەبەر جۆری کەسایەتیان وازیان لە پیشەکەیان ھێناوە.

- ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە کەسی داخراو ناتوانێت ببێت بە مامۆستای باش؟ خۆشبەختانە، وەڵامەکە نەخێرە.

لەراستیدا، کەسانی داخراو دەتوانن ببن بە مامۆستای نموونەیی و پێشەنگ بن لە پیشەکەیاندا. دەربارەی ئەمە، جۆن سپێنسەر دەڵێت "توانیم ببم بە مامۆستایەکی زۆرباش، نەک لەگەڵ ئەوەی خاوەن کەسایەتیەکی داخراوبووم، بەڵکو لەبەرئەوەی خاوەن کەسایەتیەکی داخراوبووم!"

ئەگەر تۆ لە جۆری کەسایەتی داخراویت و دەپرسیت ئاخۆ تۆ بە کەڵکی پیشەی مامۆستایەتی دێیت یاخود نا، بزانە تۆ خاوەنی چەند تایبەتمەندیەکیت کە یارمەتیت دەدەن لەوەی ببیت بە مامۆستایەکی سەرکەوتوو و سوودبەخش بۆ خوێندکارەکانت، بەڵام بەمەرجێک بە باشی و ئاگاییەوە سوود لەو تایبەتمەندیانە وەرگریت.

- کەسه داخراوەکان چەندين تایبەتمەندی گرنگیان ھەیە، بەڵام ئەمانەی خوارەوە وادەکەن ببن بە پێشەنگ لە بواری پەروەردە:

١- بە ئاگابوون.

بەشێوەیەکی گشتی، کەسانی داخراو بە ئاگاترن لە کەسانی کراوە. کەسانی داخراو لەکاتی قسەکردن وریاترن و لێزانانە تر وشەکانیان ھەڵدەبژێرن. واتە: دەیکوڵێنن، ئینجا دەیڵێن. ئەم تایبەتمەندیە وادەکات، مامۆستای داخراو کەمتر ببنە ھۆی روشاندنی ھەستی خوێندکارەکانیان، لەکاتی گفتوگۆت رۆژانە و پێدانی فیدباک لەسەر ئاستیان.

٢- کەسی داخراو رقی لەوەیە کە چاوەکان ھەمیشە لەسەر ئەو بن.

کەسە داخراوەکان، کاتێک دەرۆن بۆ شوێنێک، نایەنەوێت ببن بە سەنتەری ئەو شوێنە. مامۆستا داخراوەکان پۆل وەک سەکۆی تایبەت بە خۆیان و خوێندکاریش وەک تەنھا گوێگر سەیر ناکەن. ھەروەھا، کەسی داخراو بە سروشت کەم دوێیە، ئەمەش وادەکات مامۆستا داخراوەکان دەرفەتی زیاتر بۆ قسەکردن و بەشداریکردن بە خوێندکاران ببەخشن؛ بێگومان ئەمەش لەبەرژوەندی پرۆسەی پەروەوردە و فێرکردندایە.

٣- رەخنەگرتن لە خود.

وردبوونەوە لە خود و ھەوڵدان بۆ باشتربوون، یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندیەکانی کەسانی داخراو. کەسی داخراو کاتی زۆر تەرخان دەکات بۆ ھەڵسانگاندنی خۆی، و ھەمیشە نارازیە لە شێوازی ئەنجامدانی کارەکانی و دەیەوێت رێگەی باشتر بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بدۆزێتەوە. ئەم تایبەتمەندیە وادەکات کە مامۆستا داخراوەکان ھەمیشە بەرەوپێشەوە بچن و باشتربن لە پیشەکانیان.

٤- کەسانی داخراو گوێگری باشن.

کەسی داخراو توانای گوێگرتنی زیاترە، و زۆر بەکەمی قسە بە بەرامبەرەکی دەبڕێت. ئەم جیاوازیە وادەکات،  مامۆستا داخراوەکان بتوانن ژینگەیەکی فێرکردنی باشتر و کاریگەرتر بۆ خوێندکارەکانیان برەخسێنن. کاتێک خوێندکاران دەزانن  مامۆستاکەیان بە تامەزرۆییەوە گوێیان بۆ دەگرێت، ئەوا ھەست بە گرنگی دەکەن و متمانەیان بە خۆیان زیاد دەبێت. سەرئەنجام، ویست و حەزی زانین لای خوێندکارەکان گەشە دەکات و چالاکانە و گەرموگورتر ئەرکەکانیان ئەنجامدەدەن.

٥- خۆ تەرخانکردن.

مامۆستا داخراوەکان گرنگی زیاتر بە پیشەکانیان دەدەن و زیاتر خۆیانیان بۆ تەرخان دەکەن. یەکێک لەوشتانە وادەکات یارمەتی دەریان بێت لەمەدا، ئەو راستیە کە کەسانی داخراو پەیوەندی کۆمەڵایەتی زۆریان نیە و کەمتر دەرۆنە دەرەوە، ئەمەش وادەکات کاتی زیاتریان ھەبێت بۆ خۆ ئامادەکرن بۆ پۆل و بەدەمەوە چوونی خوێندکارەکانیان.

 

نووسینی: لێزلی ڤۆس.

وەرگێڕانی هاوکار حمد
مامۆستا لە سێنتەری زمان
زانکۆی ڕاپەڕین