پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار ھەموو شتێکە!

چاپکردن ئیمەیڵ

وا ھەست ناکەم کە زیادەرۆیم کردبێت کە دەڵێم: پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار ھەموو شتێکە!

من لەسەرەتای ژیانی مامۆستایم، ئەو راستیەم بۆ دەرکەوت. کاتێک بە مەبەستی وانە وتنەوە، جارێکی تر رێمکەوتەوە ئەو خوێندنگایەی قۆناغی ئامادەیم تێدا بەرێکرد. پیاسەکردن بەناو ھۆڵەکانی خوێندنگا و دەرس وتنەوە لە زۆرێک لەو پۆلانەی کە پێشتر وەک خوێندکار تێیاندا دانیشتبووم، ھەستێکی جیاواز و ناوازەبوو. رۆژی جارێک لە ژوورەکەی مامۆستا ئۆت وانەم دەگوتەوە. مامۆستا ئۆت، ئەو کاتەی من لەم قوتابخانەیە خوێندکاربووم، راھێنەری یەکەمی تیپی باسکەی قوتابخانەبوو؛ تا ئێستاش بەردەوەمە لەسەر ئیشەکەی. مامۆستا ئۆت کەسێکی زۆر خۆشەویستبوو، و لە لایەن خوێندکار و مامۆستاکان رێزێکی تایبەتی لێدەگیرا.

رۆژێک، لەکاتی قسەکردن بۆ خوێندکارەکانم، مامۆستا ئۆت خۆیکرد بە ژووردا و لە پۆلەکەم دانیشت. دوای تەواوبوونی وانەکە و چوونەدەرەوەی خوێندکارەکان، لە مامۆستا ئۆتم پرسی: وانەکە چۆنبوو بەلاتەوە؟ ئەویش گوتی، "خوێندکارەکان تۆیان خۆشدەوێت، بۆیە تۆ ئێستا تەنھا ئەوەت لەسەرە فێری چۆنیەتی وانە وتنەوەبیت!"

ئەم قسەیەی مامۆستا توشی سەرسورمانی کردم. نەمدەزانی کە بە پێداھەڵدان یاخود رەخنە وەریگرم، بەڵام مامۆستا ھەر زوو دوودڵیەکەی رەواندمەوە و گوتی،" ئەمە شتێکی باشە! ئەوان دەزانن کە تۆ گرنگیان پێدەدەیت، بۆیە تۆ دەتوانی ھەموو شتێکیان فێربکەیت!" من ئەم ئامۆژگاریەی مامۆستا ئۆت تا کۆتایی تەمەنم لەیاد دەبێت، وەک گوارە لە گوێم کردووە.

بەداخەوە، پەیوەندی نێوان خوێندکار و مامۆستا، یەکێکە لەو بابەتانەی کە تا ئێستا گرنگیەکی ئەوتۆی پێنەدراوە. کەمن ئەو مامۆستایانەی وەک بەشێکی گرنگی پەروەردە لە پەیوەندی خۆیان و خوێندکارەکانیان دەڕوانن. ئەم بە کەم سەیریکردنەی ئەم لایەنە گرنگەی پەروەردە بەجۆرێکە، کە زۆرجار ئەو مامۆستایانەی ھەوڵی بنیاتنانی پەیوەندی بەھێز لەگەڵ خوێندکارەکانیان دەدەن بەوە تاوانبار دەکرێن، کە ئەوان دەیانەوێت کەمی زانیاری و لاوازی ئاستی ئەکادیمیان، لەرێگەی راکێشانی سۆزی خوێندکاران بەلای خۆیاندا پەردەپۆش بکەن!

لەراستیدا، ئەمە قسەیە بێ بنەمایە. زۆربەی ئەو مامۆستایانەی کە پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ خوێندکارەکانیان ھەیە، ئەوانەن کە لە ئاستێکی زانستی و رۆشنبیری بەرزدان، و لە ورد و درشتی بابەتەکانیان دەزانن.

دوای چاند ساڵێک لە ئەزموونکردنی مامۆستایەتی و مامەڵەکردن لەگەڵ چەندین خوێندکار، ئەو شتەم بۆ دەرکەوت کە مامۆستا ئۆت زۆر بەباشی پەی پێبردبوو: خوێندکاران بە چەندین پێویستی سەرەتای جیاوازەوە دێنە پۆلەوە. پێویستە باش لە گرنگی ئەم پێداویستیانە بۆ مرۆڤ تێبگەین؛ پرۆسەی فێرکردنی راستەقینە، بەبێ دابینکردنی ئەم پێویستیە سەرەتاییانە، ڕوونادات.

ئێمەی مامۆستایان، بەردەوام خەریکی فشارخستنە سەر خوێندکارین. لەھەوڵی ئەوەداین وەڵامی پێویستە ئەکادیمیەکانیان بدەینەوە. بێ ئاگا لەوەی چەند پێویستیەکی سەرەتایی ھەیە لە ڕووی گرنگیەوە، پێویستە ئەکادیمیەکان تێدەپەرێنن. ناکرێت ئەم پێویستیە گرنگانە بە نادیدە بگیرێن لەکاتی فێرکردندا.

دەروونناس 'ئەبراھم ماسلۆ'، ھەرزوو درکی بەم راستیە کردووە. ئەو لەرێگەی ھەرەمێکەوە پلەبەندی بۆ پێویستیەکانی مرۆڤ کردووە. بە بروای ماسلۆ گرنگترین پێویستیە سەرەتاییەکان مرۆڤ بریتین لە: خۆراک، ئاو، پشوودان و ھەستکردن بە سەلامەتی. ماسلۆ ئەمانە بە پێداویستی سایکۆلۆژی ناو دەبات، دەشڵێت: بەبێ دابینکردنی ئەم پێداویستیانە، مرۆڤ توانای فێربوونی نیە.

من وا بیردەکەمەوە، گرنگترین ئەرکی مامۆستا ئەوەیە وابکات خوێندکارەکانی ھەست بەوە بکەن کە مامۆستاکەیان لێیانەوە نزیکە و پشتیوانیانە. ھەروەھا، مامۆستا بەرێزەوە مامەڵە لەگەڵ خوێندکارانی بکات خوە جیاوازەکانیان قبوڵ بکات. وایان لێبکات کە ھەست بە گرنگی بکەن و خۆیان بە بەکەسانی توانا بێتە بەرچاو. بە رەچاوکردنی ئەم بنەمایەنە، من یارمەتی خوێندکارەکانم داوە کە زووتر خۆیان بناسن و تواناکانی خۆیان بدۆزنەوە.

بەکورتی: زەوی پێش ئەوەی دابچێنرێت، پێویستە بکێڵدرێت و ئامادەبکرێت. خوێندکاریش بۆ ئەوەی ئامادەی وەرگرتنی ئەو زانست و زانیاریە بێت کە رۆژانە پێی دەدرێت، سەرەتا دەبێت پێویستە سایکۆلۆژییە سەرەتاییەکانی خەمیان لێبخورێت.

کاتێک خوێندکار برسیەتی، متمانەی بە تواناکانی خۆی نیە، ھەست بە رێز و گرنگی ناکات، یاخود لەلایەن مامۆستاکانیەوە گرنگی پێ نادرێت. لە ئەنجامدا زۆر قورسە بتوانێت ھەوڵەکانی بخاتەگەر بۆ فێربوون.

لە کۆتایدا، ھەموومان دەزانین مرۆڤی مۆدێرن بە دەست چەندین کێشە و گیروگرفتی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت. خوێندکاران بەدەرنین لەو کێشمە کێشمانە، و بگرە کێشەکانیان دوو ئەوەندەن. ناکرێت مامۆستا وابیرکاتەوە کە خوێندکار لەگەڵ ھاتنە ناو پۆل کێشەکانی لەیاد دەکات؛ زۆرینەی رەھای خوێندکاران، کێشەکانیان لەگەڵ خۆیاندا دێننە ژوورەوە و بیریان ھەمیشە بڵاوە. بێگومان، مامۆستا ناتوانێت لەیەک کاتدا ھەموو شتێک بێت بۆ خوێندکاراکانی، و ھەمووشمان ئەمە باش دەزانین. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر گرنگە لە پۆلدا ھەرەمەکەی ماسلۆمان لەیاد بێت. لەپاڵ گرنگیدان بە ناوەرۆکی بابەت و پرۆگرامی خوێندن، ھەوڵبدەین بە گوێرەی توانا گرنگی بە پێویستە سایکۆلۆژیەکانی خوێندکاران بدەین، و ببینە وەڵام بۆ بەشێک لە کێشەکانیان.

 

نووسینی: جەیمس ئی، فۆرد.

وەرگێرانی: هاوکار حمد؛
مامۆستا لە سەنتەری زمان
زانکۆی ڕاپەڕین