چۆن بتوانین تێگەیشتنمان بۆ زمانێکی بیانی باشتر بکەین؛ ئینگلیزی بە نمونە

چاپکردن

بۆ تێگەیشتن لە زمانێکی بیانی بە شێوەیەکی تەواو ئەوا بڕێکی زۆر لە زانیاری و کات و تەرکیز پێویستە. پێویستیت بە بڕێکی باش لە مەشقکردن ھەیە پێش ئەوەی قسە لەگەڵ کەسێکی ئەو زمانە بیانیە بکەی کە دەتەوێت فێری ببیت. مەبەست لێرەدا ئەوەیە پێش ئەوەی لە زمانەکە تێبگەیت ھەست دەکەیت کەسەکانی ئەو زمانە بە یۆنانی قسە دەکەن (Greek واتە یۆنانی زمانێکی کۆن وە قورس بۆ تێگەیشتن). وە توانای گوێ گرتن ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەیە لە تێگەیشتن بۆ زمان.

توانای گوێگرتن واتە تێگەیشتن و زانینی مانای ئەو شتەی کە دەیبیستیت، یەکێ دەتوانێت قسەکەرێکی باش بێت، وە ھەم خوێنەرێکی باش لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێت لە مانای ئەو شتە تێ بگات کە دەیبیستێت، ئەوەش بە ھۆی زنجیرەی دەنگەکانە کەلەکاتی قسەکردندا بەشێوەیەکی خێرا لێک دەدرێن لە کاتی دەربڕیندا. بێگومان ئەمەش قورسە بۆ کەسێک کە گوێچکەکانی ڕانەھاتبێت لەسەر ئەم شێوازی دەربڕینانە، تاکە ڕێگەش بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە گوێگرتنی زۆرە.

ھەنگاوی یەکەم بریتییە لە دۆزینەوەی سەرچاوە گەلێکی گونجاوە. دوو جۆری سەرچاوە ھەیە:

*ئاستی ناوەڕاست(Intermediate) / سەرەتا (Beginner) کە بە شێوەیەکی ئاسان دیزاین کراوە بۆ ئاستی سەرەتا.
*ئاستی باڵا (Advanced) دیزاین کراوە بەلانی کەم بۆ ئەو فێرخوازانەی لە ئاستی B2 دان

باشترین ئەو ماددەیە ھەڵبژێرە کە ھەست دەکەیت یارمەتیدەرێکی باشە بۆت، وە پێش ئەوەی دەست بکەیت بە گوێگرتن چەند ڕاستیەک ھەیە کە پێویستە درکیان پێ بکەیت:

١- یەکەم جار ناتوانی لە ھەموو شتەکان تێبگەیت، ئارامگربە.
٢- ئەوەندەی بۆت دەکرێت زۆر گوێ بگرە.
٣- گوێ بۆ شتێک بگرە کە لەگەڵ ئارەزووی خۆت بگونجێت.
٤- لە زمانی دایکتەوە وەرمەگێرە بۆ سەر زمانی دووەمی، بۆ نمونە ئینگلیزی.
٥- مەشڵەژی و دوودڵ مەبە کاتێک لە زمانەکە ناگەیت. ئارامبە.
٦- ئەو شتانە وەلاوە بنێ کە دەبنە هۆی دوورخستنەوەت لە گوێگرتن.
٧- پێویستە ئامانجێکت هەبێت.
٨- بەهیچ شێوەیەک کۆڵمەدە.

دەتوانیت توانای گوێگرتن بەم ڕێگایانەی خوارەوە باش بکەیت:

١- مەشقکردن

زانراوە کە قسەکردن توانای گوێگرتنیش باش دەکات. قسە لەگەڵ کەسێکی بیانی بکە، کە کەسێک بێت ھێمن بێت و گوێت بۆ بگرێت و وەڵامی پرسیارەکانت بداتەوە، وە ھەڵەکانیشت ڕاست بکاتەوە. دەتوانیت زۆر شتی تری لێوە فێر بیت، وەکو گوزارشتەکانی دەم و چاو، کە لە کۆتاییدا یارمەتیت دەدەن باشتر لە زمان تێبگەیت.

٢- سەیرکردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی و فیلم

دەتوانی سەیری فیلمی بیانی بکەی بەو زمانەی ئارەزووی فێربوونت ھەیە بە ژێرنوسەوە. ژێرنووس یارمەتی دەرت دەبێت بۆ دانەبڕان لە فیلمەکە بەھۆی گەڕان بە دوای مانای وشەکاندا. وە لەھەمان کاتتدا یارمەتی دەریشت دەبێت بۆ فێربوونی چۆنیەتی خوێندنەوەی وشەکان. ئەگەر بتەوێ سەیری فیلم بکەی (Netflix) ڕێژەیەکی زۆر لە فیلم لە خۆ دەگرێت و دەتوانیت بە ژێرنوسەوە سەیریان بکەیت.

٣- گوێ گرتن لە گۆرانی و میوزیک

یارمەتی دەر دەبێ بۆ فێربوونی دەستەواژەی جیاواز کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت Slang و بە شێوەیەکی نافەڕمی لە گفتووگۆی ڕۆژانەدا بەکاردێن. چەند بەرنامەیەک ھەیە کە دەتوانی بەکاریان بێنی (Fluent U) کە دەتوانی جۆرەھا ڤیدیۆی میوزیک بدۆزیەوە لەگەڵ بوونی ژێرنووس لەگەڵیاندا.

٤- ئەپەکانی مەشقکردن دابگرە

چەندین ئەپڵیکەیشنی مەشقکردنی زمان بۆ مۆبایلە زیرەکەکان هەن، کە دەتوانیت دایانبگریتە ناو مۆبایلەکەتەوە و بەردەوامی بە گەشەپێدانی زمانە بیانییەکان بدەیت. ئەم ئەپانە لەڕووی وشەکاری و گرێ و چەندین وشەی باو یارمەتیت دەدەن. بەربڵاوترین ئەپڵیکەیشن Duolingoـیە. چەندینی تریش هەن کە دەتوانیت لە ئەپستۆر و گووگڵ پلەی دایانبگریت.

٥- پۆدکاست بەکاربهێنە

پۆدکاستەکان ڕێگایەکی ناوازەن کە بتوانیت هەست بە زمانێک بکەیت. هەروەک تۆ لە ڕێگەیانەوە دەتوانیت لە تێگەیشتن لەو زمانە بەرەوپێشەوە بچیت و شێوەزارێکی نایاب بۆ خۆت پەرە پێبدەیت. ئەگەر سەیری دەوروبەرت بکەیت، ئەوا هەلەکانی فێربوون لە دەوروربەرت زۆرن. تۆ تەنها پێویستە ئەو ڕێگایە بدۆزیتەوە کە گونجاوە و سودی بۆ تۆ هەیە. بەڵام لە یادت بێت، کلیلەکە بریتییە لە ڕاهێنانی بەردەوام.

 

وەرگێران: بارزان حەمەد

خوێندکاری بەشی ئینگلیزی - کۆلێژی پەروەردە - زانکۆی ڕاپەڕین

سەرچاوە: omniglot.com