٦ ئامۆژگاری بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی لەڕێگەی تەلەفزیۆن و فیلم

چاپکردن ئیمەیڵ

سەیركردنی فیلمی ئینگلیزی و پڕۆگرامەكانی تەلەفزیۆن ڕێگایەكی نایابە بۆ ڕاهێنانی كارامەیی گوێگرتن و فێربونی وشە و دەستەواژەی نوێ. مانای وایە تۆ دەتوانیت دەستت بگات بە شێوەزاری جیاواز و ڕێگاكانی قسەكردن بەبێ ئەوەی پێویست بكات گەشت بكەیت بۆ دەرزەنێ وڵات. جگە لەوەی یارمەتیت دەدات بۆ تێگەشتن لە كلتوری وڵاتان و بینینی نمونەی ڕستەیی وشەكان لە دەمی خودی ئینگلیزەكان نەك تەنها بینینی ئەو وشانە لەناو پەرتووکی خوێندن. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە كەسێكی زیرەك بیت دەربارەی ڕێگاكانی فێربونی زمان لە تەلەفزیۆنەوە. بۆ نمونە ئایا ئەكتەرەكان زمانی بازاری بەكاردەهێنن؟ ئایا هەندێك لەو زمانەی بەكاریدەهێنن كۆنە؟ یاخود دەتوانی بزانیت كەی خەڵك گاڵتە دەكات یاخود جدین؟ هەموو ئەو شتانە كاریگەریان هەیە لەسەر تێگەشتنی تۆ، هاوشان لەگەڵ ئەوەی كە خودی خۆت چۆن وشەی ئینگلیزی بەكاردەهێنیت.

 

ئەمانە شەش ئامۆژگارین بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەن زۆرترین سود لەو فیلم و پڕۆگرامانەی تەلەفزیۆن ببینیت كە بە مەبەستی فێربوونی زمانی ئینگلیزی سەیریان دەكەیت:

١- زیاتر گرنگی بە فیلمە تازەكان بدە

گەلێك فیلمی كۆنی زمانی ئینگلیزیمان هەیە كە بێگومان شایەنی سەیركردنن بەڵام بۆ مەبەستی خۆیان، ئەگەریش سەیری فیلم دەكەیت بۆ پێشخستنی ئینگلیزیەكەت، ئەوا باشترە ئەو فیلمانە هەڵبژێریت كە ئەم چەند ساڵەی دوایی بەرهەم هاتوون. چونكە لە ڕێگەی سەیركردنی فیلمە تازەكانەوە تێدەگەیت كە زمانی سەردەم شێوەی چۆنە . لە سەروی هەموو شتێكەوە ئەگەر گەشت بۆ ئوسترالیا بكەیت ناتوانیت وەكو ساڵی حەفتاكانی نیۆرك یاخود وەكو  ئینگلیزی سەردەمی سەدەی شازدەی شاژنی بەریتانیا قسە بكەیت.

٢- بە ژێرنووس سەیری بكە

لە ڕێگەی سەیركردنی فیلمەكان بە ژێرنووسی ئینگلیزی زۆر باشتر تێدەگەیت. بینینی وشەكان كە دەردەكەون لەسەر شاشەكە مانای ئەوەیە كە تۆ دوو ڕێگات هەیە بۆ ناسینەوەی وشەكان كە گوێت لێدەبێت و ڕێگەیەكی زۆر باشە بۆ زانینی چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەو وشانەی كە بۆ یەكەم جارە دەیانبینی.

٣- بەبێ ژێرنووس سەیر بكە

لە ژیانی ڕاستیدا ژێرنووست نیە، كەواتە بۆ ئەوەی بەڕاستی زمانێكی ڕەوانت هەبێت پێویستە توانای ئەوەت هەبێت لە قسەی وتراو تێبگەیت بەبێ هەبوونی یارمەتی و ژێرنوس! ئەگەر جارێك سەیری فیلمێكت كرد بە ژێرنوس، دووبارە سەیری بكەوە، بەڵام ئەم جارە بەبێ بونی ژێرنووس و كارامەیی گوێگرتن بەكاربهێنە.

٤- وشەی نوێ هەڵبژێرە

بە پێچەوانەی گفتوگۆی ژیانی ڕاستەقینەی ڕۆژانە، سەیركردنی فیلم لایەنێكی باشی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ڕاگرتن و لێدانی فیلمەكە بەدەست خۆتە، بۆیە لەكاتی تێنەگەیشتن لە بەشێك یا وشەیەك دەتوانی رایبگری! فەرهەنگێك با لەبەر دەستت بێت و وشە تازەكان بكە بە تێبینی و بە دەنگی بەرز ڕاهێنانیان لەسەر بكە بۆ ئەوەی ڕەوانبێژی خۆت پەرەپێبدەیت. بەڵام بیرت نەچێت گرنگترین شت لە سەیركردنی فیلم ئەوەیە كە بیرۆكەی گشتی لێ وەربگریت لەو فیلمەی سەیری دەكەیت. بۆیە ئەگەر بوەستیت و تاك تاكی وشەكان بپشكنی ئەوا زوو بێزار دەبیت لە سەیركردنی فیلمەكە .

٥- ئاگاداری جۆری ئەو زمانە بە كە بەكار هاتووە

خەڵكی زمانی جیاواز لە بارودۆخی جیاوازدا بەكاردەهێنن. ئەو وشە و دەستەواژانەی كە گوێت لێ دەبێت لە لایەن ئەكتەرێكی هەرزەكارەوە لە فیلمێكدا بەكاردێ، لەوانەیە گونجاو نەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرەكەت بەكاری بهێنیت لە بارێكی وا ڕسمیدا، كەواتە بارودۆخ و شوێن لەبەرچاو بگرە كاتێ سەیری فیلمێك دەكەیت. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین فیلم و پڕۆگرامی تەلەفزیۆنی سەرنج ڕاكێش هەن تایبەت بە كۆمەڵگا كە زمانی بازاڕی و تایبەت بەكاردەهێنن كە لەوانەیە لە هیچ شوێنێكی تردا گوێبیستیان نەبیت. بۆ نمونە، ئەو زمانەی كە لە پڕۆگرامی (The wire) بەكاردێت بۆ هەموو كەسێك قورسە تێگەشتنی تەنانەت ئەگەر قسەكەری ڕەسەنی ئینگلیزیش بن، تەنها بۆ خەڵكی شاری بۆڵتیمۆی ئەمریكا نەبێت كە پڕۆگرامەكەی لێدەكرێت .

 ٦- ئەو فیلمانە هەڵبژێرە كە بەڕاستی دەتەوێت سەیریان بكەیت

بێگومان وشە و دەستەواژەكان ئاسانتر دەبن بۆ فێربوون، ئەگەر بەڕاستی سەرنجت لەسەر ئەو فیلمە بێت كە سەیری دەكەیت. بێگومان پێویستە سەرج بدەیت، بەڵام زۆر لە خۆت مەكە بۆ ئەوەی سەیری فیلمێك بكەیت كە بە دیاریەوە خەوت لێ بكەوێت. باشترە فیلمێك هەڵبژێریت كە سەرج ڕاكێش و خۆش بێت، و چیرۆكی فیلمەكان ئاسودەت بكەن.

 

 

سەرچاوە:  https://www.eurocentres.com/

وەرگێڕانی: جوتیار جلال حسن

دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی