دە فیلم كە یارمەتیت دەدەن بۆ فێربوونی شێوەزاری ئینگلیزی بەریتانی بە خێرایی

چاپکردن

سەیركردنی فیلم یەكێكە لە باشترین ڕێگاكان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی، نەك تەنها لەبەرئەوەی فیلمەكان پڕن  لە وشە، ئیدیەم، و شێوەزار، بەڵكو سەیركردنی فیلم هەستێكی خۆشت پێدەدات، لەبەرئەوەی فیلمە ئینگلیزیەكان لە هەموو شوێنێك بەردەستن (یاخود هەر نەبێت ئەو فیلمانە بەردەستن كە ژێرنوسی ئینگلیزیان هەیە)، بۆیەش سەرچاوەی هەڵبژاردنی فیلمەكان بێسنورە. هەموو كەسێك دەتوانێت هۆكارێكی هەبێت بۆ سەیركردنی فیلم، وێڕای ئەو چێژەی كە لە سەیركردنیشی دەیبینیت. ئەگەر دەتەوێت بە شێوەیەكی خێرا فێری ئینگلیزی بیت، سەیركردنی فیلم لە كاتی بەتاڵدا یەكێكە لە كاریگەرترین ڕێگاكان بۆ گرنگیدان بە زمان، بەبێ هەستکردن بە ماندوبوونێکی زۆر دوای ڕۆژێکی دورودرێژ.  

ئەمە لیستێكە پێکدێت لە دە باشترین فیلم بۆ فێربوونی شێوەزاری ئینگلیزی بەریتانی بە شێوەیەكی خێرا:

 

‏ ١- The King’s Speech, 2010

چ ڕێگایەكی باشتر هەیە بۆ فێربونی زمان وەك لە سەیركردنی فیلمی پاشا؟ ئەم فیلمە دەربارەی پاشا (جۆرج شەش)ە، لە ڕۆڵگێڕانی ( كۆڵین فیرس) ە، كە دەیەوێت بە مەشقكردن  لە زمان گیران ڕزگاری بێت. ئەم فیلمە بۆ منداڵان گونجاو نیە لەبەرئەوەی چەند وشەیەکی کەمی نەشیاوی تێدا بەكارهێننراوە، بەڵام ئەو شێوەی قسەی پێدەکات بەتەواوی کلاسیکیە، و ڕاهێنەری تایبەتی ئاخاوتنی پاشا چەند ئامۆژگارییەكی بەسودی هەیە بۆ هەركەسێك كە بیەوێت شێوەزاری بەریتانی فێربێت.

٢- My Fair Lady, 1964

فیلمێكی كۆنە بەڵام زۆر بێوێنەیە، ئەم فیلمە چیرۆكی پڕۆفیسۆرێكی خۆبەزلزانی زانستی دەنگیە (ڕێكس هێرسین)، كە بڕیار دەدات مەشق بە (ئۆدری هێپن) كچە گوڵفرۆش بكات بۆ ئەوەی بە ئینگلیزیەكی جوان قسە بكات و بتوانێت لەگەڵ خەڵكی پلە بەرز تێكەڵ بێت. جگە لە ژمارەیەكی زۆری گۆرانی و ئیدیەم، و شێوەزارێکی خۆش، لەم فیلمەدا چەندین تەكنیكی قسەكردن بەكارهێننراوە.

٣- Mary Poppins, 1964

ساڵی ١٩٦٤ ساڵێكی باش بوو بۆ فیلم، دڵنیام دەربارەی (ماری پۆپینس)ت بیستوە. كە چیرۆكێكی زۆر بەناوبانگی منداڵانە دەربارەی خانمی دایەن (جولی ئەندروس) كە دەردەكەوت خاوەنی هێزی جادوویی بێت. ئەم فیلمە بە هەردوو شێوەی فیلمی كارتۆنی و سینەمایی بەرهەم هاتووە كە وا دەكات بۆ هەموو ئەندامانی خێزان گونجاو بێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئامۆژگاریت دەكەین كە كەسایەتی (بێرت)  وەکو  پەرپێدانی شێوەزار بەکارنەهێنیت چونكە لەلایەن (دیك ڤان دایك)ەوە ڕۆڵگێرانی بۆ كراوە كە ناوبانگی خراپی ڕۆیشتوە بۆ خراپی شێوەزار.

٤- The Italian Job, 1969

فیلمێكی کلاسیکیە، پڕاوپڕە لە وتە و گێڕانەوە كە ئەكتەرەكان دوای خواردنەوەی چەند پێكێك لە بیرە دەیڵێن. فیلمەکە چیرۆكی چەتەیەكی گاڵتەبازە كە لەلایەن ئەكتەری بەناوبانگ (مایكڵ كەین)ەوە ڕۆڵگێرانی بۆ كراوە. بە ناوەكەی بڕیارمەدە، چونكە لێوەی فێری شێوەزاری بەریتانی دەبیت.

٥- Notting Hill, 1999

چ كەسێك حەز بە ئەكتەری بەریتانی (هیو گرانت) ناكات؟ ئەكتەری شكۆداری ساڵی نەوەدەكان و ئێستاش. فیلمێكی ڕۆمانسی-كۆمیدییە دەربارەی خاوەن فرۆشگایەكی پەرتووکە (هیو گرانت) كە ژیانی سەرەوژێر دەبێتەوە، دوای ئەوەی خانمە ئەكتەری بەناوبەنگی ئەمریكی (جولیا ڕۆبێرتز) پێدەنێتە فرۆشگاكەی. بەرزایی نۆتینگ  بە شیەیەکی سروشتی ناوچەیەكی ڕۆمانسیە،  لەو كاتەوە خۆشەویستی لە نێوانیان چەكەرە دەكات. لە ڕێگەی سەیركردنی ئەم فیلمە دەتوانیت جیاوازی نێوان شێوەزاری ئەمریكی و بەریتانی بكەیت، و ئەگەر پێت وا بێت كارامەیی گوێگرتنت هێشتا پێویستی بە پێشخستنە ئەمە فیلمێكی باشە. 

٦- City Lights, 1931

ئەم فیلمەیان بە تەواوی كۆنە، و شانۆیەكی بێ قسەكردنە، لەبەرئەوە ئەم فیلمە لەوانەیە بۆ پێشخستنی كارامەیی گوێگرتن باش نەبێت، بەڵام فیلمێكی زۆر بێوێنەیە بۆ كارامەیی خوێندنەوە، بەتایبەتی ئەگەر حەزت لە دەستەواژە و ئیدیەم و میوزیکی كۆن بێت. لەم فیلمەدا (چارلی چاپلن) ڕۆڵی هەژارێك دەبینێت كە دەكەوێتە داوی خۆشەویستی كچە گوڵفرۆشێكی كوێر و هەموو هەوڵێك دەدات كە یارمەتی دارایی گوڵفرۆشەكە بدات. فیلمێكی خۆش و زۆر ڕۆمانسیە و ڕووداوەكانی لەسەرخۆن بەراورد بە فیلمە کانی سەردەمی ئێسات، بەڵام فیلمێكی تەواو چێژ بەخشە بۆ بەسەربردنی كات و لەوانەیە هەندێ جاریش لە هۆش خۆت بچیت لە پێكەنینە.

٧- The Theory of Everything, 2014

ئەم فیلمە لە كامبریج دەرهاتووە ، لە شانشینی گەورەی بەریتانیا. ئەم فیلمە دەربارەی ژیانی فیزیازان و گەردونناسی بەناوبانگی جیهانی (ستیڤن هۆكینگ) ە. جگە لەوەی كە فیلمێكی كورت ماوەی جوانە، فیلمێكە هەموو كەسێك وا لێدەكات بیربكاتەوە و  سۆزدارییە و حەزت بۆ بینینی كاری زیاتری ستیڤن دەبات. ئۆكسفۆرد و كامبریج دوو شاری جوانن بۆیەش دوای سەیركردنی فیلمەكە بێگومان دەتەوێت گەشتیان بۆ بكەیت. دەبێت ئەوەشبزانین كە هەندێ دەستەواژەی زانستی و تایبەتی تێدا بەكارهاتووە كە تەنانەت بۆ ئینگلیزەكانیش سەختە.

 The Theory of Everything 2014

٨- This is England, 2006

فیلمێكی ترە كە لەوانەیە هەڵبژاردنێكی باش نەبێت بۆ منداڵان، بەڵام هەرچی بێت شایەنی سەیركردنە. چیرۆكی ئەم فیلمە هی ساڵی هەشتاكانە و چیرۆكی كوڕە گەنجێك لەخۆ دەگرێت كە ناوی (تۆماس تێرگوس)ە، كە لە شەڕی فۆلكلاند باوكی لەدەست دەدات. ئەم فیلمە پڕاوپڕە لە مێژوو، دەستەواژە، ئیدیەم و شێوەزاری بەریتانی جیاواز بۆ ئەوەی چێژی لێ ببینیت، لەگەڵ ئاشنابوون بە كلتوری چینی زەحمەتكێشی بەریتانیا .

٩- Diamonds are Forever, 1971

ناتوانین لیستێك لە باشترین فیلمە بەریتانیەكان دروست بكەین بۆ فێربونی زمانی ئینگلیزی بە بێ ئاماژەكردن بە (جیمس بۆند)، ئەم فیلمە بێوێنەیە و پڕە لە جوانی و دیمەنی گاڵتە ئامێز بۆ ئەوەی هەموو كەسێك دڵخۆش بكات. فیلمەكانی جیمس بۆند زۆرن كەبتەوێت سەیریان بكەیت، وە فیلمەكانیشی جیهانین ، لەبەرئەوە ڕێژەیەكی زۆر كلتور و خەڵكی نا ئینگلیزیش لە فیلمەكانی دا بونیان هەیە كە هاوشانی جیمس ڕۆڵ دەگێڕن، بۆ نمونە ئەكتەری سكۆتلەندی (شۆن كۆنەری) كەشێوەزارێکی زۆر سەرنج ڕاكێشی ئینگلیزی هەیە و سودی لێدەبینیت بۆ مەشقكردن.

The 39 Steps, 1935 -١٠

ناتوانرێت (ئەلفرێد هیتكۆك) لەبیر بكرێت، لەبەرئەوە بە یەكێك لە فیلمە كۆنە هەست بزوێنەكانی ئەو كەسایەتیە كۆتایی بە لیستەكە دەهێنین. ئەگەر حەزت بە دیمەنی تەمومژاوی لەندەن و چیرۆكی سیخوڕی و شێوەزارە قورسەكانی بەریتانیا بێت، كەواتە ئەم فیلمە ئەوەیە كە تۆ دەتەوێت. فیلمەكانی هیتكۆك بەوە بەناوبانگن كە تەكنیكی هونەری زۆر پێشكەوتووی جیهانیان تێدا بەكاهاتووە، بۆیە بە درێژایی سەیركردنی فیلمەكە تێبینی ئەكتەرە بەهرەمەندەكان و هونەری فیلمسازی جوان بكە.

 

 

سەرچاوە: https://www.spokenenglishpractice.com/learn-british-english/

وەرگێڕانی: جوتیار جلال حسن

خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی - کۆلێژی پەروەردە - زانکۆی ڕاپەڕین