١٠ هۆکاری گرنگ کە بۆچی پێویستە فێری زمانێکی تر ببیت

چاپکردن ئیمەیڵ

لەڕاستیدا هۆکارگەلێکی زۆر هەن تا وا بکەن فێری زمانی تر ببیت بەڵام ئەمانەی خوارەوە ١٠ گرنگترین هۆکارن کە بۆچی پێویستە فێری زمانێکی تر ببیت و لە ھۆکاری دەیەمەوە دەست پێدەکەین بەرەو هۆکاری یەکەم.

١٠- سەرنجی کەسانی دەوروبەرت ڕابکێشە

چ ئەوەی لە ڕێستۆرانتێکی گرانبەها داوای ژەمێکی وەکو Boeuf Bourguignon (خواردنێکی کۆنی فەڕەنسیە) بکەیت بە بەکارهێنانی دەڕبڕینێکی دروست یاخود قسەکردن لەگەڵ خەڵکی شوێنێک بە هەمان زمانی دایکی خۆیان، فێربونی زمانێکی تر (یاخود بیانی) سەرنجی زیاتر لە چەند کەسێک لە دەوروبەرت ڕادەکێشێت. هەروەها، ڕەنگە ستایش بکرێیت بۆ ئەم توانا دەگمەنەت، وە یاخود سەرنجێکی خێرای پیادەرەوانێک لێرەو لەوێ ڕابکێشیت.
بە دڵنیاییەوە، فێربونی زمانێکی تر نابێت تەنها بۆ ئەوە بێت کە بتەوێت سەرنجی کەسانی دەوروبەرت رابکێشیت بۆلای خۆت، (چونکە ئەگەر ئەمە پاڵنەرەکەت بێت ڕەنگە هەر زوو نەمێنێت پێش ئەوەی بتوانیت بە شێوەیەکی باش قسەی پێبکەیت) بەڵام ئەمە لقێکی باشە لەگەڵ خودی پرۆسەکەدا گەشە دەکات.

٩- زیادکردنی متمانە بەخۆبوون

فێربونی زمانێکی تر ئەزمونێکی پاداشتدارە بە شێوەیەکی زۆر گەورە، هاوکات بەشێوەیەکی بەرچاو بڕوا بەخۆبوون زیاددەکات. هەروەها پێویستە بەسەر هەندێک لە ترس و گومانەکانتدا زاڵ بیت، زیاتر خۆت بناسیت، بە خەڵکی تازە ئاشنا بیت، یاخود گەشت بکەیت بۆ هەندێک شوێن کە پێشتر ئامادەباشیت تێدا نەبووە لە گەشت کردن بۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا، فیدباک و هەڵسەنگاندنی بەردەوام لەو کەسانەی کە بە زمانی دایکیان قسەدەکەن وه بەردەوام هاندانی ئەوان بۆ تۆ بەدڵنیاییەوە پاڵنەرێکی بەهێزن بۆ زیادکردنی ڕێژەی متمانە بەخۆبوون.

٨- توانای بڕیاردانت باشتر بکە

لێکۆڵینەوەیەک لە زانکۆی (Chicago) دەریخستوە کە کاتێک کەسێک بەزمانێکی تر جگە لە زمانی دایکی قسە بکات ئەوە یارمەتیدەرە لە نەهێشتنی لەدەستدانی ئارەزوو- کە بریتیە لە قورسیەکی زۆر لە نەتوانینی بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنێکی ڕاست (لە ئێستادا) کە رەنگە ئەم بڕیارە سودی هەبێت بۆ داهاتومان.

ئەو کەسانەی کە دەتوانن بە دوو زمان قسە بکەن، زیاتر متمانەیان بە خۆیان هەیە لە هەڵبژاردنەکانیاندا، چونکە ئەم کەسانە بەزمانی دووەمیش بیر لەهەڵبژاردنەکە دەکەنەوە بۆ ئەوەی بزانن تا چ ڕاددەیەک ئەنجامەکانیان ئیش دەکات بۆیان. ئەمە مانای ئەوەیە ئەگەر تۆ بتوانیت زمانیکی تر فێر ببیت ئە وە ڕەنگە باشتر بتوانیت بڕیاری دارایی ژیرانە بدەیت، بۆ نمونە، کێ بیری لێ دەکردەوە؟!

٧- زیادکردنی هێزی (توانای) مێشک

تەنها وەکو ئەوەی کە بڕیاردانی باشتر بەس نەبووبێت، دەروونناس ( Ellen Bialystok ) لە زانکۆی یۆرک (York) لە تۆرۆنتۆ(Toronto)، ئەوەی دۆزیەوە ئەو خوێندکارانەی کە زمانێکی بیانی دەخوێنن ئەگەری زیاتر هەیە کە نمرەی بەرزتر بەدەست بهێنن لە تاقیکردنەوە ستانداردەکاندا وەک لەو خوێندکارانەی کە تەنها دەتوانن بە یەک زمان قسە بکەن، وە بە تایبەت لە بابەتە بیرکایەکاندا، خوێندنەوە، ڕێزمان و وشەدا.

do you find my brain auf der suche nach meinem gehirn l

هەروەها لێکۆڵنەوەیەک کە بە نزیکەی لە هەمان کاتدا ئەنجام دراوە لەلایەن توێژەرانێک زانکۆی کۆلێجی لەندەن (University College London) ئەوەی دەرخست هەروەک چۆن وەرزش کردن ماسولکەی جەستە دروست دەکات، فێربوونی زمانێکی تریش دەبێتە هۆی گۆڕینی بەشی ڕەساسی لە مێشک ( ئەو بەشەی مێشکە کە زانیاری وەردەگرێت و شیدەکاتەوە).

٦- بەتەواوەتی ئەزموونی گەشت کردنت بگۆڕە

گەشت کردن تەنها بریتی نیە لە گرتنی وێنەی جوان و دانانی لە فەیسبوک و ئینستەگرام، یان بەسەر بردنی هەفتەیەک لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرە کە هەموو جۆرە خزمەتگوزاریەکان لەخۆ بگرێت.

faces from the world

فێربوونی زمانێکی بیانی تەنانەت ئەگەر کەمیش بێت و وەکو دەوترێت لەناو مشتی دەستتدا جێگای ببێتەوە! ئەوا ئەزموونی گەشت کردنت زۆر باشتر دەکات، وە کاتێک ئەم قسەیە دەکەم ئەوا لە ئەزموونی خۆمەوە دەزانم. هەبوونی زانیاری لەسەر زمانێکی بیانی تەنها نابێتە هۆی ئەوەی سەرنجی خەڵکی ناوخۆی شوێنێک رابکێشێت بەوەی کە زەردەخەنەی گەرمت بۆ بکەن یاخوود بانگهێشتت بکەن بۆ خواردنەوەیەک، بەڵکو ڕەنگە هەلی وەهات بۆ بڕەخسێنێت کە هەرگیز بە بیرتدا نەهاتبێت. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ژیانت دەوڵەمەند دەکات بەوەی کە تێگەشتنێکی قوڵت هەبێت لە کلتور و مێژووی ئەو کەسانەی کە دەیان ناسیت. ئەم پۆستەی سەردانیکەران بخوێنەوە* کە ماوەیەکی کورت لەمەوبەر نوسیومە بۆ ئەوەی کاریگەریم هەبێت لەسەربیروباوەڕی گەشتیاران و باوەڕپێهێنانیان بەوەی کە چۆن زمانەکان دەتوانن ئەزموونی گەشتکردن بگۆڕن.

٥- زیادکردنی ئەگەری دەستکەوتنی ئیش

ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە بەشێوەیەکی بەرچاو جیهانگیری بەخۆیەوە بینیوە، وە کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی زۆر گەورە بەرەو هەرێمەکانی تر پەل دەهاوێژن و مامەڵە لەگەڵ کڕیار دەکەن لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە. وە لە نێوان دوو کاندیدی پاڵێوراو بۆ یەک ئیش کە هەمان شارەزای و ئەزمونیان هەبێت، ئەو کەسەی کە دەتوانێت بە دوو زمان قسە بکات ئەگەری زیاترە کە ئیشەکە بەدەست بهێنێت.

گۆڤاری ( The Economist) بە پێی یەکێک لە هەڵسەنگاندنە ئەرێنیەکان دەریخستوە کە نیوەی دانیشتوانی زەوی لە ساڵی ٢٠٥٠ ڕەنگە بە زمانی ئینگلیزی قسە بکەن. بەم شێوەیەش ملیارەهای تر دەمێنێت کە ناتوانن بە ئینگلیزی قسە بکەن، وە ملیارەهای تر بەوە دڵخۆشترن (وە زیاتر ئامادەباشیان تێدایە کە پارە سەرف بکەن) کە زمانی خۆیان دەزانن.

 Accumulated language bonuses

٤- خوێندن یاخود ژیان لەدەرەوەی وڵات

ئەگەر وا هەست دەکەیت کە حەزت لەگۆڕانە یاخود دەگەڕێی بەدوای هەستی سەرنج ڕاکێش و سەرکێشی لەژیانتدا، زمانێکی بیانی ڕەنگە ئەو دەرگایە بێت کە چاوەڕێ دەکات بیکەیتەوە. بۆچی دوور ناکەویتەوە و بچیت بخوێنێت لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا؟ یا ئەو ئیشە بکەیت کە دەمێکە خەوی پێوە دەبینیت لە ئەڵمانیا؟ هەر کامێکیانت بوێت، زانینی زمانی دووەم راستەوخۆ جیهانت بۆ بچوک دەکاتەوە و هەلی ژیانت پێ دەبەخشێت. ئایا خەریکە ئەو ئارەزووەت بۆ دروست دەبێت کە شوێنەکەت جێبهێڵیت و گەشت بکەیت؟

٣- زیاتر مێشکت کراوە دەبێت

هەروەکو (Karen Risager) لە کتێبە سەرنج ڕاکێشەکەیدا بە ناوی ( Language and Culture: Global Flows and Local Complexity) تیشکی خستۆتە سەرئەوەی کە لە چەند ساڵانی ڕابردوودا توێژینەوەی چڕوپڕو زۆر هەبوون لەسەر ئەوەی کە چۆن جیاوازیە کلتوریەکان خۆیان دەردەبڕن و دروست بوون لە ڕێگەی چەند شێوازێکی جیاوازی زمان و گفتوگۆکردنەوە. چۆن چەمکە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و ڕوانین بۆ ژیان لە سیستەمی زانستی و معنوی زمانە جیاوازەکاندا جێگەیان بۆتەوە. چۆن پەرەسەندنی زمان و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان بەشداری دەکەن لە گەشەپێدانی کەسایەتی و نمونە کۆمەڵایەتیەکان لە جیهاندا.

فێربوونی زمانێکی بیانی وە تێکەڵبونێکی تەواو بە کلتورێکی نوێ، وە ڕوانگەیەکی تازە بۆ ژیان، دڵنیاترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی ببیت بە کەسێکی مێشک کراوە، تێگەشتنت لە کەسەکان، وە لێرەدا دەمەێت بڵێم کە ئەمە تا ڕادەیەک بە نرخ ناخەمڵێندرێت. هەرکات درکت بەو ڕاستیە کرد کە ئێمە هەموومان بوونەوەری کۆمەڵایەتین و دروستبوی ژینگەی تایبەتی خۆمانین، وە لە ڕوانگە کلتوریەکان ڕوانگە و هەڵسوکەوتی خۆت بزانیت، ئەوا زیاتر ئامادە باشیت تێدایە بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەوانی تر بەشێوەیەکی ئەرێنی. بینینی جیهان لەڕوانگەی جیاوازەوە، وە تێگەیشتن لەوەی خۆت و کەسانی دەوروبەرت لە کوێوە هاتوون، ئەمە شتیکی مەزن و جوانە و ئەزمونێکە لەڕێگەیەوە چاوت دەکرێتەوە.

٢- کلتوری تازە بدۆزەرەوە

مۆسیقا، فیلم، خواردن، ئەدەب، شعر، شانۆ و هونەرە جوانەکان: لیستی ئەو شتە گەورە و بێ کۆتایانەن کە کلتور دەیهێنێتە ژیانمانەوە. ڕەنگە بیستبێتت کە زمان و کلتور دوو ڕووی هەمان دراون، منیش لەگەڵ ئەمە هاوڕام.

Discover new culture

یەکێک لە ئارەزووە تایبەتیەکانی خۆم بریتیە لە ئاشنابوون بە کلتورێکی نوێ کە ئەزموونێکی گەورەی دەوڵەمەندە و بەشێوەیەکی زۆر پەیوەستە بە زانینی زمانێکی بیانیەوە. بەدڵنیاییەوە دەتوانیت فێری کلتوری شوینێکی جوگرافی دیاریکراو ببیت بەبێ زانینی زمان، بەڵام هەروەک جارێکیان یەکێک لە خوێنەرەکانم وتی: ئەمە وەکو ئەوە وایە سەیری بەرنامەیەکی راستەوخۆ بکەیت بە ڤیدیۆ. شانۆگەریەکە دەبینیت و لە رووداوە سەرەکیەکان تێدەگەیت و هتد، بەڵام خاڵە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە کە ناتوانت ئەزموونی ئەو هەستە ڕاستەقینەیە بیت کە تەماشاکاران لە کاتی شانۆگەری راستەوخۆدا هەیانە. دەتوانیت لەسەر کلتور زۆر شت فێرببیت بەڵام ناتوانیت بە تەواوەتی هەستی پێ بکەیت ئەگەر خۆت تێکەڵی نەبیت، وە دەستپێکی ئەم کارەش لە ڕیگەی زمانەوەیە.

١- خەڵکی تازە بناسە و پەیوەندی هاوڕێیەتی درێژخایەن پەرە پێبدە لە ژیانتدا

لەکۆتایدا، وە ڕەنگە لە هەموویان گرنگتر، ناسینی خەڵکی تازە و سەرنج ڕاکێش، گەشەپێدانی پەیوەندی هاوڕێیەتی بە درێژایی ژیانت، (یاخود کێ دەزانێت، تەنانەت ڕەنگە خۆشەویستی ژیانت !) بە دڵنیاییەوە ئەمانە ئامانجێکن شایەنی ئەوەن هەوڵیان بۆ بدەیت، فێربوونی زمانێکی تر ڕێگایەکی دڵنیاکەرەوەیە بۆ خێرا بەجیهێنانی پڕۆسەکە. هەروەها فێربوونی زمان چێژبەخشە!

هەمووکەسێک هۆکاری جیاوازی هەیە بۆ فێربونی هەر زمانێک ( یاخود ڕەنگە نەیبێت). بەڵام ئێستا هیوادارم لانی کەم توانیبێتم یەکێک لە ئێوە ڕازی بکەم بەو سودە گەورەیەی کە فێربونی زمانێکی تر پێت دەگەیەنێت. بە دڵنیاییەوە ئەمە پڕۆسەیەکی ئاسان نیە، وە پێویستی بە هەندیک کات و هەوڵدان هەیە، بەڵام شایەنی ئەوەیە کە کات و هەوڵی بۆ بدەی.

بۆچونی تۆ چیە لەسەر ئەم بابەتە؟ بە بڕوای تۆ چی هۆکاری تر هەن بۆ فێربوونی زمانێکی بیانی؟ ئەوەی دەیزانیت لە کۆمێنتەکان لەسەر فەیسبووک بینوسە و بە بیروڕاکانت بەشداربە لەکەڵ ئێمە.

 

* ئەم بابەتەی کە لینک واتە بەستەرکراوە هی نوسەرە نەک وەرگێر.

 

سەرچاوە: lingholic.com
وەرگێرانی: بێوار ئەحمەد
تایبەت بە بڵۆگی سێنتەر